ڕاپۆرتە میدیاییەکان ئاماژەیان بەوە
کردووە کە دەستەی دادوەرانی فیدراڵی لە ویلایەتی کالیفۆڕنیا، ملیاردێر ئیلۆن مەسکیان
بە تۆمەتی چەواشەکردنی پشکدارانی پلاتفۆرمی تویتر سزا دەدرێت.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی "CNBC"،
ئەم بڕیارە کە لە چوارچێوەی داوایەکی یاسایی بەکۆمەڵدا دەرچووە، دەوڵەمەندترین
پیاوی جیهان ناچار دەکرێت بڕی ٢.٦ ملیار دۆلار وەک قەرەبوو بە پشکداران
بدات.
داوا یاساییەکە لەلایەن کەسێک بەناوی
جۆزیپی بامبیناوە بە نوێنەرایەتی ئەو کەسانە تۆمارکراوە کە پشکەکانی تویتریان لە
نێوان ناوەڕاستی مانگی ئایاری ٢٠٢٢ و سەرەتای تشرینی یەکەمی هەمان ساڵدا فرۆشتووە.
لایەنی تۆمەتبارکەر ئاماژەی بەوە
کردووە کە دەستەی دادوەران لەگەڵ داواکاردا هاوڕان کە مەسک یاسای بازاڕی دارایی
پێشێل کردووە، ئەو یاسایەی کە پێدانی لێدوانی ناڕاست و چەواشەکار قەدەغە دەکات کە
ببێتە هۆی دابەزاندنی دەستکردی نرخی پشکەکان، کە لەم کەیسەدا مەبەست لێی پشکی
تویترە.
لە داوایەکەدا مەسک تۆمەتبار کراوە
بەوەی بووەتە هۆی دابەزینی نرخی پشکی تویتر لە کاتی دووبارە گفتوگۆکردنەوە لەسەر
نرخی کڕین یان کشانەوە لە گرێبەستەکە بە یەکجاری، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی
فرۆشیارانی پشکەکان زیانێکی زۆر بکەن.
مەسک لە یەکێک لە قۆناغەکانی گفتوگۆی
کڕینەکەدا لە تویتێکدا نووسیبووی کە گرێبەستی کڕینەکە "بە شێوەیەکی کاتی
ڕاگیراوە" تا ئەو کاتەی بەرپرسانی تویتر دەیسەلمێنن کە ڕێژەی "هەژمارە
ساختەکان" کەمە.
هەروەها لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٢دا
دەستی لە هەوڵەکانی بۆ کشانەوە لە ڕێککەوتنی سەرەتایی کڕینی تویتر هەڵگرت، دوای
ئەوەی پلاتفۆرمەکە داوایەکی یاسایی لە دژی تۆمارکرد بۆ ناچارکردنی بە جێبەجێکردنی
گرێبەستەکەی نێوانیان.
لەو کاتەوە، مەسک پلاتفۆرمی
تویترەکەی کە ناوەکەی گۆڕی بۆ "X"، تێکەڵ بە کۆمپانیا نوێیەکەی لە بواری ژیریی دەستکرد "xAI" و کۆمپانیا تایبەتەکەی بۆ گەڕانی بۆشایی ئاسمان "SpaceX"کردووە.