توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکرای کردووە کە
دەنگی مرۆڤ ترسێکی گەورە لە نێوان ئاژەڵە کێوییەکاندا دروست دەکات.
بەپێی توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری "Current Biology" بڵاوکراوەتەوە،
ئاماژە بەوەکراوە کە دەنگی مرۆڤ ترسێکی گەورە لە نێوان ئاژەڵە کێوییەکاندا دروست
دەکات، تەنانەت لای نێچیرگرە گەورەکانی وەک شێر و پڵنگیش، ئەمەش زیاترە لە ترسیان
لە دەنگی ئاژەڵە دڕندەکانی تری هاوشێوەی خۆیان.
تیمێکی توێژینەوە بە سەرۆکایەتی میشێل
کلینشی لە زانکۆی وێستەرن لە کەنەدا، تاقیکردنەوەیەکیان ئەنجامداوە کە تێیدا
شیکردنەوەیان بۆ زیاتر لە 10,000 تۆماری دەنگی ئاژەڵە کێوییەکان
لە دارستانەکانی ساڤانا لە ئەفریقادا کردووە، توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە ٪٩٥ی جۆرە
جیاوازەکانی ئاژەڵ، ترسێکی زۆر توندیان نیشانداوە لە کاتی بیستنی دەنگی مرۆڤدا، کە
زۆر زیاتر بووە لە کاردانەوەیان بۆ دەنگی شێر یان دەنگی تەقە.
ئەم تاقیکردنەوەیە بە هاوبەشی لەگەڵ لیانا
زانیت، لە پارکە نەتەوەییەکەی کروجەر لە باشووری ئەفریقا ئەنجامدراوە، کە
گەورەترین ناوچەی کۆبوونەوەی شێرەکانە لە جیهاندا، زاناکان بڵندگۆیان لە نزیک ئەو
شوێنانە دانا کە ئاژەڵەکان بۆ ئاوخواردنەوە لێی کۆدەبنەوە، تێیدا ئەم دەنگانەیان
لێداوە وەک: قسەکردنی مرۆڤ بە زمانە ناوخۆییەکانی وەک (تسونگا، سۆتۆی باکوور،
ئەفریکانی و ئینگلیزی، دەنگەکانی پەیوەست بە ڕاوکردن وەک دەنگی سەگ و دەنگی تەقە، دەنگی
شێر لە بارودۆخە سروشتییەکاندا.
ئەنجامەکان دەریانخستووە کە نزیکەی ١٩ جۆر لە ئاژەڵەکان،
لەوانە فیل، کەرکەدەن، زەرافە، کەرەکێوی، پڵنگ، کەمتیار و بەرازی کێوی، ئەگەری
ڕاکردنیان لە کاتی بیستنی دەنگی مرۆڤدا زۆر زیاتر بووە وەک لەوەی دەنگی شێر یان
دەنگی ڕاوچییان بیستبێت.
کلینشی ئاماژەی بەوەش کرد کە بوونی
مرۆڤ یان دەنگەکەی هۆکارە بۆ گۆڕینی ڕەفتاری ئاژەڵەکان، هۆشداریشیدا کە ئەم
کاردانەوە بەردەوامە بۆ ترس، لەوانەیە لەسەر مەودای درێژ کاریگەری نەرێنی لەسەر
هەندێک جۆری ئاژەڵی مەترسی لەسەر بێت، وەک زەرافەکان.
دەشڵێت "تەنها بوونی ئێمە لەم
ژینگە سروشتییەدا، ئاماژەیەکی ئاگادارکردنەوەی زۆر بەهێزە و ئاژەڵەکان لە هەر
نێچیرگرێکی دیکە زیاتر دەترسێنێت."