زانایان دوای ٨٨ ساڵ، نهێنییە گەورەکەی بەختەوەرییان ئاشکرا کرد

PM:12:55:22/03/2026

6344 جار خوێندراوەتەوە

ڕەنگە گەڕان بەدوای نهێنییەکانی ژیانێکی بەختەوەر تەواوی تەمەن بخایەنێت، بەڵام ئەمە درێژترین توێژینەوەی جیهانە دەربارەی بەختەوەری کە ٨٨ ساڵ لەمەوبەر دەستی پێکردووە و تا ئێستاش بە بەهێزییەوە بەردەوامە.

لە ساڵی ١٩٣٨دا، زانایانی زانکۆی هارڤارد دەستیان بە توێژینەوەیەک کردووە بۆ بەراوردکردنی ژیانی دوو گرووپی گەنج، گرووپی یەکەم خوێندکارە لێهاتووەکانی هارڤارد بوون (کە یەکێکیان سەرۆکی ئەمریکا بوو، جۆن ئێف کێنیدی بوو)، گرووپی دووەمیش کۆمەڵێک مێرمنداڵی بێبەش بوون لە خوێندن لە یەکێک لە هەژارترین گەڕەکەکانی بۆستن لە سەردەمی قەیرانی گەورەی ئابووریدا.

بە تێپەڕبوونی دەیان ساڵ، توێژینەوەکە فراوانتر بوو تا ژنان و منداڵانیش بگرێتەوە، بەمەش بووە درێژترین و گشتگیرترین توێژینەوە لە مێژوودا دەربارەی ژیانی مرۆڤە پێگەیشتووەکان، ئەم توێژینەوەیە بەوە ناسراوە کە ڕێژەی وازهێنانی بەشداربووانی زۆر کەم بووە و چەندین نەوەی زانایان پارێزگارییان لە بەردەوامییەکەی کردووە.

دوای هەشت دەیە و سەدان توێژینەوە و پشکنینی پزیشکی و چاوپێکەوتن، توێژەران گرنگترین ئەو هۆکارانەیان دۆزییەوە کە تەندروستی و بەختەوەری لە تەمەنی پیریدا دیاری دەکەن.

ئەوەی جێگەی سەرنجە نە سەروەت و سامان، نە ناوبانگ، نە کارکردنی سەخت، نە زیرەکی و نە جیناتی باش، هیچ کام لەمانە هۆکاری سەرەکی ژیانی بەختەوەر نەبوون، بەڵکو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە نزیکەکان بوون.

نزیکەی 30 ساڵ لەمەوبەر، تیمی توێژینەوەکە تێبینییان کرد ئەو کەسانەی لە تەمەنی ناوەڕاستدا لە پەیوەندییە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکانیان ڕازین، لە تەمەنی هەشتا ساڵیدا تەندروستییەکی باشتر تێدەپەڕێنن، ئەم کەسانە کەمتر تووشی نەخۆشی دەبن و توانای چاکبوونەوەیان خێراترە.

نووسەری ئێستای توێژینەوەکە ڕۆبێرت والدینگەر دەڵێت "سەرەتادا بڕوامان بە داتاکان نەدەکرد. چۆن دەکرێت پەیوەندییەکان بچنە ناو جەستەمان و کاریگەری لەسەر تەندروستیمان هەبێت؟، بەڵام دواتر ئەنجامەکان تووشی سەرسوڕمانیان کردین"

توێژینەوەکە دەریخستووە کە گۆشەگیریی کۆمەڵایەتی و هەستکردن بە تەنیایی، مەترسی مردنی پێشوەختە بە ڕێژەی ٢٥% زیاد دەکات و کاریگەری نەرێنی لەسەر کارکردنی مێشک دەبێت، بەڵام لێرەدا جۆری پەیوەندییەکە گرنگترە نەک ژمارەی هاوڕێکان، پەیوەندییە قووڵ و ئارامبەخشەکان کاریگەرییان زۆر زیاترە لەوەی تەنها دەوروبەرت پڕ بێت لە خەڵک.

ئەم توێژینەوەیە کە ئێستا چووەتە نۆیەمین دەیەی خۆیەوە، وەک سەرچاوەیەکی بێهاوتای دانایی زانستی دەمێنێتەوە، دووپاتی دەکاتەوە کە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە بەهێزەکان یەکێکن لە گرنگترین کلیلەکانی ژیانێکی درێژ، تەندروست و پڕ لە بەختەوەرییە.