ڕۆبۆتێک دەستگیر دەکرێت

PM:07:04:18/03/2026

740 جار خوێندراوەتەوە

ڕووداوێکی نامۆ لە شاری ماکاو لە چین بووەتە جێی باسی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دوای ئەوەی پۆلیس دەستتێوەردانی کرد بۆ دوورخستنەوەی ڕۆبۆتێکی مرۆیی کە ببووە هۆی ترساندنی ژنێک.

ڕووداوەکە کاتێک دەستی پێکرد کە ژنەکە لە کاتی پیاسەکردن و سەیرکردنی مۆبایلەکەیدا، کتوپڕ تێبینیی کرد ڕۆبۆتێکی مۆدێل (Unitree G1) لە پشتی وەستاوە، ئەمەش وای کرد ژنەکە تووشی شۆک بێت و بە دەنگێکی بەرز هاوار بەسەر ڕۆبۆتەکەدا بکات.

هەرچەندە هیچ زیانێکی جەستەیی بەرنەکەوت، بەڵام وەک دڵنیاییەک گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە و دواتر نێردرایەوە ماڵەوە.

گرتە ڤیدیۆییەکان نیشانی دەدەن کە دوو ئەفسەری پۆلیس ڕۆبۆتەکە دەستبەسەر دەکەن و لە شوێنەکە دووری دەخەنەوە، ئەمەش وای کرد بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت بە گاڵتەوگەپەوە بڵێن ڕۆبۆتەکە دەستگیر کراوە.

پۆلیس هۆشداری داوەتە خاوەنی ڕۆبۆتەکە، کە پیاوێکی تەمەن ٥٠ ساڵە و نوێنەری سەنتەرێکی فێرکارییە، کە دەبێت لە کاتی تاقیکردنەوەی ئامێری لەو شێوەیە لە شوێنە گشتییەکاندا وریاتر بێت. ئەم جۆرە ڕۆبۆتانە کە بەرزییان نزیکەی ١٢٠ سانتیمەترە، بۆ مەبەستی فێرکاری و ڕیکلام بەکاردێن.

نوێنەری سەنتەرە فێرکارییەکە ڕوونی کردەوە کە ڕۆبۆتەکە تەنها لە پشتی ژنەکە وەستاوە تا ڕێگەکەی بۆ چۆڵ بێت، بەڵام دیمەنی ڕۆبۆتەکە لەو کات و شوێنەدا بووەتە هۆی ئەو ترسە گەورەیە.