١٣ی هەینی، بۆچی ڕۆژئاواییەکان لێی دەترسن؟

PM:01:53:13/03/2026

608 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ هەینی، ١٣ی ئازاری ٢٠٢٦، ڕێکەوتێکە کە لە زۆرێک لە کولتوورە ڕۆژئاواییەکاندا وەک نیشانەیەک بۆ بەدبەختی و شوومی سەیر دەکرێت.

ئەم بیروباوەڕە کە لای هەندێک کەس بووەتە هۆی دروستبوونی ترسێکی دەروونی بەردەوام، لە زانستی دەروونناسیدا بە "پارا سکی ڤیدیکاتریا فۆبیا" ناودەبرێت، کە بە واتای ترسی پەکخەر لە ڕۆژی هەینی ١٣ دێت.

ئەم ترسە هەندێک جار دەبێتە هۆی دروستبوونی نیشانەی جەستەیی لای کەسەکان وەک خێرا لێدانی دڵ، ئارەقەکردنەوە و لەرزین.

مێژووی بەدبەختیی ئەم ڕۆژە بۆ سەدەی نۆزدەهەم لە فەڕەنسا دەگەڕێتەوە، کاتێک بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٨٣٤دا لە گۆڤارێکی ئەدەبیدا باسی لێوەکرا، بەڵام ڕەگ و ڕیشەی ئەم بڕوایە لە ئەفسانە و ئایینەکانی پێشووتریشدا هەیە.

سەرەڕای ئەم ترسە، لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا لە ئەمریکا "یانەی سێزدە" دامەزرا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم ترسانە، کە تێیدا کەسایەتییە ناودارەکان و تەنانەت چوار سەرۆک کۆماری ئەمریکاش ئەندام بوون و بە ئەنقەست کارە "شوومەکانیان" ئەنجام دەدا بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کە هیچ ڕاستییەکیان تێدا نییە.

لە ئێستادا، ئەم بابەتە زیاتر لە ڕێگەی فیلمە ترسناکەکان و کولتووری گشتییەوە ماوەتەوە، و لە وڵاتانی تریش وەک ئیسپانیا و یۆنان، لەبری هەینی، ڕۆژی سێشەممە ١٣ بە شووم دادەنرێت.

لە کۆتایشیدا، ئەمانە تەنها بیر و باوەڕن و هیچ بنەمایەکی زانستییان لەسەر نییە بەڵام لە کلتوری ڕۆژئاوادا بڕوایان پێیەتی و شتێکی ڕاستە لە لایان.