لە چین بیابانێک سەوز بووە

PM:08:02:10/03/2026

132 جار خوێندراوەتەوە

لە رووداوێکی سەیردا، لە چین بیابانێک سەوز بووە.

بە پێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی"Daily Galaxy"لە ناو جەرگەی بیابانی "تالاتان" لە هەرێمی چینگهای چین، پڕۆژەیەکی گەورەی وزەی خۆر کە بە ئامانجی بەرهەمهێنانی وزەی پاک دروست کرابوو، ئەنجامێکی سەرسوڕهێنەری ژینگەیی لێ کەوتووەتەوە کە زانایانی تووشی سەرسوڕمان کردووە.

ئەم ناوچەیە پێشتر بەهۆی بای توند و وشکیی خاکەکەیەوە هیچی لێ نەدەڕوا، ئێستا لە ژێر سێبەری هەزاران پانێڵی فۆتۆڤۆڵتاییکدا خەریکە دەگۆڕێت بۆ ناوچەیەکی سەوز و زیندوو.

بەپێی توێژینەوەیەکە کە ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە، دەرکەوتووە کە ئەم پانێڵانە تەنها کارەبا بەرهەم ناهێنن، بەڵکو بە شێوەیەکی فیزیکی کەشوهەوای ناوچەکەیان گۆڕیوە.

پانێڵەکان وەک پارێزەرێک کار دەکەن و ڕێگری دەکەن لەوەی تیشکی توندی خۆر ڕاستەوخۆ بەر زەوییەکە بکەوێت، ئەمەش بووەتە هۆی دابەزاندنی پلەی گەرمی خاک و کەمکردنەوەی هەڵماندنی ئاو.

بەم شێوەیە، ئەو بڕە کەمەی باران کە لە ناوچەکە دەبارێت، بۆ ماوەیەکی درێژتر لە ناو خاکدا دەمێنێتەوە و ژینگەیەکی لەبار بۆ گەشەی گژوگیا دەڕەخسێنێت کە پێشتر بەهۆی وشکییەوە ئەستەم بوو.

جگە لە پاراستنی شێ، ڕیزە پانێڵەکان وەک دیوارێکی سروشتی لە بەرامبەر با کار دەکەن و خێراییەکەی کەم دەکەنەوە، ئەمەش ڕێگری دەکات لە ڕاماڵینی خاک و یارمەتی جێگیربوونی ڕەگی ڕوەکەکان دەدات.

ئەم گۆڕانکارییە بووەتە هۆی ئەوەی کە تەنها لە ماوەی چەند ساڵێکدا، گژوگیا بە چڕی لە ژێر پانێڵەکاندا بڕوێت و دیاردەی فراوانبوونی بیابان لەو ناوچەیەدا ڕابگیرێت.