دوای ١٤ هەزار ساڵ، شوێنپێی خێزانێکی چاخی بەردین لە ئەشکەوتێکی ئیتاڵیادا دۆزرایەوە

PM:05:05:10/03/2026

132 جار خوێندراوەتەوە

شوێنەوارناسان دۆزینەوەیەکی سەرسوڕهێنەریان لە ئەشکەوتی "گرۆتا دێلا باسورا" لە باکووری وڵاتی ئیتاڵیا ڕاگەیاند.

توێژینەوەکە کە لەلایەن دکتۆر مارکۆ ڕۆمانۆ و تیمەکەیەوە ئەنجامدراوە، دەریخستووە کە پێش ١٤ هەزار ساڵ، خێزانێکی پێنج کەسی کە پێکهاتبوون لە دوو کەسی گەورە، مێردمنداڵێک و دوو منداڵی بچووک، بە قووڵایی ئەم ئەشکەوتەدا گەڕاون و پاشماوەی جۆراوجۆریان بەجێهێشتووە، لەم دۆزینەوەیەدا زیاتر لە ١٨٠ شوێنپێ و شوێنی دەستیان دۆزیوەتەوە کە لەسەر زەوییە قوڕینەکەی ئەشکەوتەکە بەجێماون.

لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە ئەم مرۆڤە کۆنانە بەبێ پێڵاو و بە یارمەتی مەشخەڵی دار ڕێگەی خۆیان لەناو تونێلە تەسک و تاریکەکاندا کردووەتەوە.

بەشێک لە شوێن دەستەکانیان بە شێوەیەکی خۆرسک لەکاتی ڕۆیشتندا دروست بوون، بەڵام هەندێکی دیکەیان وەک ئاماژەیەک بۆ چالاکی کۆمەڵایەتی یان سیمبولی لەو سەردەمەدا دەبینرێن.

ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە ئەم مرۆڤە سەرەتاییانە تەنها وەک ڕۆتینێک بەو شوێنەدا تێنەپەڕیون، بەڵکو دەرکەوتووە کە ویستوویانە بە شوێن شوێنێکی گونجاودا بگەڕێن بۆ ژیانکردن هەروەها لێکۆڵینەوەکان ئەوەشیان دەرخستووە کە بە شێوەیەکی هەرەوەزی کاریان کردووە منداڵەکان بە شێوەیەکی زۆر چالاکانە بەناو ئەشکەوتەکەدا هاتوون و ڕۆیشتوون.

تیمەکە بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای سێ ڕەهەندی توانیویانە بە وردی نەخشەی جووڵەی ئەم خێزانە بکێشنەوە و لێکۆڵینەوەی وردی لەسەر بکەن.