مانگی دەستکردی"Van Allen Probe A" دوای
١٤ ساڵ لە خزمەتی بێوچان و کۆکردنەوەی زانیاریی دەگمەن دەربارەی تیشکدانەوەکانی
دەوری زەوی، ئەمڕۆ دەکەوێتەوە سەر زەوی.
ئەمڕۆ، سێشەممە ١٠ی ئازاری ٢٠٢٦،
ئاژانسی ناسا و هێزی بۆشاییی ئاسمانی ویلایەتە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدەن لە
کەوتنە خوارەوەی مانگێکی دەستکرد.
مانگی دەستکردی "Van Allen Probe A"کە کێشەکەی دەگاتە ٦٠٠کیلۆ وەک پاشماوەیەکی
بۆشایی ئاسمان دەکەوێتە خوارەوە، دوای ئەوەی بۆ ماوەی ١٤ ساڵ لە خولگەیەکی
هێلکەییدا خزمەتی کردووە و زانیاری زۆر گرنگی دەربارەی دەوری هەسارەکەمانی
کۆکردووەتەوە کە یارمەتی زاناکانی داوە بۆ تێگەیشتن لە کاریگەرییەکانی خۆر لەسەر
سیستمی پەیوەندی و کارەبای سەر زەوی.
ناسا لە نوێترین ڕاپۆرتیدا دڵنیایی
دەداتە دانیشتووانی جیهان کە مەترسیی ئەم ڕووداوە بۆ سەر ژیانی مرۆڤەکان زۆر کەمە
و تەنها ١ لە ٤٢٠٠ مەترسی هەیە چونکە زۆربەی بەشە پێکهێنەرەکانی ئەم ئامێرە لە
کاتی هاتنەخوارەوەدا بەهۆی لێکخشاندنی زۆر و گەرمبوونی زۆرەوە دەسوتێن و ئەو پارچە
کەمەشی کە دەمێننەوە بە ئەگەرێکی زۆر دەکەونە ناو قوڵایی زەریاکانەوە چونکە ئاو
نزیکەی ٧٠٪ی ڕووی زەویی داپۆشیوە.
ئاماژەیان بەوەشکرد بڕیار بوو ئەم
مانگە دەستکردە تا ساڵی ٢٠٣٤ بمێنێتەوە بەڵام چالاکییە بەهێزەکانی ئەم دواییەی خۆر
بوونە هۆی کشان و فراوانبوونی بەرگی هەوای زەوی، ئەمەش هێزی لێکخشانی زیاتری دروست
کردووە کە وایکردووە مانگە دەستکردەکە خێراییەکەی لەدەستبدات و بکەوێتەوە سەر زەوی.