وێنەکانی
فۆتۆگرافەر و نمایشکاری ناسراوی سەنگافوورە تشواندۆ تان، جارێکی دیکە تۆڕە
کۆمەڵایەتییەکانی هەژاندووەتەوە، تەمەنی بووە بە جێگەی سەرسوڕمانی هەودارانی.
ئەم
پیاوە ئێستا تەمەنی گەیشتووەتە ٦٠ ساڵ بەڵام گەنجێکی ٢٠ ساڵ دەردەکەوێت،هەمووانی
تووشی سەرسوڕمان کردووە و زۆرێک بە "ڤامپایەرەکەی ئاسیا" ناوی دەبەن.
ناوبانگی
جیهانیی تان بۆ ساڵی ٢٠١٧ دەگەڕێتەوە، کاتێک تەمەنی ٥٠ ساڵ بوو بەڵام ڕووخسار و
جەستەی وەک گەنجێکی ناوەندی بیستەکانی تەمەنی وابوو، لەو کاتەوە تا ئێستا بووەتە ئایکۆنێکی جیهانی بۆ
چەمکی "پیربوونی جوان" و ملیۆنان فۆڵۆوەری لە ئینستاگرام کۆکردووەتەوە.
زۆرێک
پێیان وایە تان نەشتەرگەریی جوانکاری ئەنجام داوە، بەڵام ئەو بەردەوام جەخت لەسەر
دوو خاڵی سەرەکی دەکاتەوە یەکەمیان تان بڕوای وایە کە تەنیا ٣٠٪ی جەستە پەیوەندی
بە وەرزشەوە هەیە و ٧٠٪ی پەیوەستە بەوەی چی دەخۆیت دووەمیان باس لەوە دەکات کە ڕاهێنانە
جەستەییەکان و مەلەکردن بەشێکی دانەبڕاون لە ژیانی ڕۆژانەی.
لەم
دواییانەدا و بەبۆنەی یادی ٦٠ ساڵەی تەمەنییەوە، تان پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا
نووسیویەتی "تەنیا کات سامانی راستەقینەیە، باشترین ڕێگەش بۆ مانەوە بە
گەنجی، گەڕانەوەیە بۆ ناو سروشت، دوورکەوتنەوە لە نیگەرانی و فشار هەروەها
ژیانکردن لەناو ڕووناکیی خۆردا"
سەرەڕای
ئەوەی هەمووان بە چاوێکی سەرسوڕمانەوە سەیری دەکەن، تان ئاماژە بەوە دەکات کە هەندێک
کات هەست بە فشار دەکات، چونکە ئەویش وەک هەر مرۆڤێکی دیکە هەست بەوە دەکات کە
تەمەن تێدەپەڕێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە چۆن مامەڵەی لەگەڵدا دەکەیت.