پزیشکان هۆشدارییەکی توند دەدەنە ئەو کەسانەی
بڕێکی یەکجار زۆر لە تەواکەرە خۆراکییەکان بەکاردەهێنن، بەتایبەت ڤیتامین دی،
چونکە کاریگەری نەرێنی لەسەر جەستە دروست دەکات.
لە ڕاپۆرتێکی نوێی پزیشکیدا کە لە
گۆڤاری زانستی "BMJ" بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە ڤیتامین D سوودێکی
زۆری بۆ گەشەی ئێسک، ددان و بەهێزکردنی سیستمی بەرگری هەیە، بەڵام زیادەڕۆیی تێیدا
دەبێتە هۆی ژەهراویبوونێک کە پێی دەوترێت"Hypervitaminosis D". ئەم هۆشدارییەش دوای ئەوە هات کە پیاوێکی تەمەن ٤٧ ساڵ بەهۆی خواردنی
ژەمە ڤیتامینەکانەوە بە هەڵە، تووشی نیشانەی توندی وەک ڕشانەوە، ئازاری سک،
تینوێتی زۆر و دابەزینی کێشی بووە، کە تەنانەت دوای مانگێک لە وەستاندنی
ڤیتامینەکانیش نیشانەکانی هەر بەردەوام بوون.
پشکنینە پزیشکییەکان دەریانخستووە کە
ئاستی ڤیتامین D لە خوێنی ئەم پیاوەدا حەوت هێندەی ڕێژەی پێویست
بووە، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی مەترسیداری ئاستی کالسیۆم و سستییەکی کتوپڕ
لە گورچیلەکانیدا.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ڤیتامین D زۆر
بەهێواشی لە جەستەدا تێکدەشکێت و کاریگەرییەکەی بۆ ماوەی دوو مانگ دەمێنێتەوە،
هەربۆیە نیشانە مەترسیدارەکانی وەک تێکچوونی لێدانی دڵ، پەستانی خوێن و کێشەی
گورچیلە ڕەنگە بۆ چەندین هەفتە بەردەوام بێت.
پسپۆران باس لەوە دەکەن کە ئەم کەیسە
دەبێتە بەرچاو ڕوونییەک بۆ هەمووان کە تەواکەرە خۆراکییەکان سەرەڕای سوودەکانیان
ئەگەر بە بڕی نادروست و بەبێ ڕاوێژی پزیشک بەکاربهێنرێن، دەبنە مەترسییەکی
ڕاستەقینە بۆ سەر تەندروستی.