لە ڕووداوێکی دەگمەن و سەرنجڕاکێشدا،
لە میانی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی "جوانی وشتر" بۆ ساڵی ٢٠٢٦ لە عومان، ٢٠
وشتر بەهۆی ئەنجامدانی نەشتەرگەریی جوانکاری و بەکارهێنانی ماددەی قەدەغەکراو لە
کێبڕکێکە دوورخرانەوە.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی "elmoudjaz"،
فێستیڤاڵی "جوانی وشتر" لە چەند وڵاتێکی عەرەبیدا
بۆنەیەکی دیارە، کە بەخێوکەرانیان هەوڵدەدەن باشترین وشترەکانیان پێشکەش بکەن بۆ ئەوەی
نازناوی جوانترین وشتر لە وڵاتەکەدا بەدەستبهێنن، بەڵام ئەمساڵ لە پێشبڕکێیەکەدا رووداوێکی سەیر روویدا
دوای ئەوەی دەرکەوت ٢٠ وشتر لەلایەن خاوەنەکانیانەوە فیلەر و بۆتۆکسیان بۆئەنجامدراوە.
لیژنەیەکی پسپۆڕ لە پزیشکانی
ڤێتێرنەری پشکنینی وردیان بۆ وشترە بەشداربووەکان کردووە، دەرکەوتووە کە
خاوەنەکانیان پەنایان بردووەتە بەر ڕێگەی دەستکرد بۆ ئەوەی وشترەکانیان جوانتر و
سەرنجڕاکێشتر دەربکەون، ئەو فێڵانەی ئاشکرا بوون بریتیبوون لە بەکارهێنانی دەرزی بۆتۆکس
و فیلەر بۆ لێو و دەموچاوی وشترەکان، چاندنی سیلیکۆن و گەورەکردنی پشتی وشترەکان بە
شێوەی دەستکرد، بەکارهێنانی هۆرمۆنی گەشە بۆ ئەوەی ماسولکەکانیان گەورەتر
دەربکەوێت.
ئەم کێبڕکێیانە تەنها بۆ خۆشیی نییە بەڵکو
خەڵاتی دارایی زۆر گەورەیان تێدایە و نرخی ئەو وشترانەی پلەی یەکەم بەدەست دەهێنن
بۆ ملیۆنان دۆلار بەرز دەبێتەوە، ئەمەش وای کردووە هەندێک لە خاوەن وشترەکان
تەندروستی ئاژەڵەکان بخەنە مەترسییەوە تەنها بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە.
پزیشکان ئاماژە بەوە دەدەن کە ئەم
کارە جگە لەوەی فێڵێکە لەگەڵیشیدا مەترسییەکی گەورە بۆ سەر تەندروستی وشترەکە
دروست دەکات چونکە دەرزی بۆتۆکس دەبێتە هۆی تێکچوونی توانای خواردن و خواردنەوەی
وشترەکە هەروەها کیمیاییەکان دەبنە هۆی هەوکردنی درێژخایەن و تێکچوونی کۆئەندامی
زاوزێی ئاژەڵەکە.