دروستکردنەوەی ڕووخساری مرۆڤێکی سەرەتایی کە ملیۆنان ساڵ پێش ئێستا ژیاوە

PM:01:02:09/03/2026

7036 جار خوێندراوەتەوە

دوای تێپەڕبوونی ملیۆنان ساڵ، تیمێکی نێودەوڵەتی توانییان ڕوخساری یەکێک لە بەناوبانگترین بەردبووەکانی مرۆڤی سەرەتایی ناسراو بە "" Little Footدروست بکەنەوە کە مێژووەکەی بۆ 3.67 ملیۆن ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی "ساینس ئەلێرت"، ئەم کارە بە یەکێک لە دەستکەوتە زانستییە دەگمەنەکان دادەندرێت، چونکە کەلـلەسەری سەری ئەم مرۆڤە بەهۆی پەستانی تاشەبەردەکانەوە لە ماوەی ملیۆنان ساڵدا بەتەواوی پان بووبووەوە و شێوەکەی تێکچووبوو.

دکتۆر ئەمێلی بودێ، زانای مرۆڤناسی لە زانکۆی پواتیێ لە فەرەنسا، سەرپەرشتی توێژینەوەکەی کردووە، تیمەکەی پشتیان بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی " Synchrotron" لە بەریتانیا بەستووە بۆ وێنەگرتنی کەلـلەسەرەکەی بە وردییەکی بێوێنە، ئێسک و ددانەکانیان بە شێوەی دیجیتاڵی لە بەردەکان جیاکردووەتەوە و دواتر پارچەکانیان خستەوە شوێنی ڕاستەقینەی خۆیان.

جێگەی باسە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٨٠ لە ئەشکەوتی "ستێرکفۆنتین" لە باشووری ئەفریقا تەنها چوار ئێسکی بچووکی پاژنەی پێی دۆزرایەوە، هەر بۆیە ناونرا "لیتل فووت"، سەر بە ڕەگەزی (ئۆسترالۆپیسیکۆس)ـە، کە باپیرەیەکی زۆر کۆنی مرۆڤی ئێستایە.

شێوەی کەلـلەسەری مرۆڤەکە لە نموونەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا دەچێت، بەڵام چاڵایی چاوەکانی تایبەتمەندییەکی جیاوازیان هەیە کە ڕەنگە پەیوەندی بە ژینگەی سەختی ئەو کاتەی باشووری ئەفریقاوە هەبووبێت.

زانایان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەمە تەنها سەرەتایە و لە داهاتوودا بە پەرەسەندنی تەکنەلۆژیا دەتوانن شێوەی بە وردتر دیاری بکەن، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ تێگەیشتن لەوەی مرۆڤ چۆن لە ماوەی ملیۆنان ساڵدا گۆڕانکاری بەسەر ڕوخسار و جەستەیدا هاتووە.