مرۆڤایەتی لە
رابردوودا ڕێگەی زۆر سەیر و سەمەرەی تاقیکردووەتەوە بۆ ئەوەی لە کاتی خۆیدا لە خەو
هەڵسێت.
لە بابەتێکی
ماڵپەڕی " bbc" دا ئاماژەی پێکراوە، بەر لەوەی تەکنەلۆژیا و
کاتژمێری دیجیتاڵی بێنە کایەوە، مرۆڤەکان پشتیان بە چەندین پیشە و داهێنانی دەستی
بەستووە، کە گرنگترینیان ئەمانە بوون:
١. لە سەردەمی شۆڕشی پیشەسازیدا، کەسانێک هەبوون
ئەرکیان تەنها ئەوە بوو کرێکارەکان بەخەبەر بهێنن، ئەوان بە دارێکی درێژ لە
پەنجەرەی نهۆمە بەرزەکانیان دەدا
یان لە ڕێگەی نۆکەوە کە دەیانگرتە شووشەی پەنجەرەکان، خەڵکیان لە خەو ڕادەپەڕاند
تا لە کارەکانیان دوانەکەون.
٢. یەکێکی دیکە لە ڕێگە داهێنەرەکان، بەکارهێنانی
مۆم بووە، بزمارێکیان لە ئاستێکی دیاریکراوی مۆمەکەدا دادەنا، کاتێک مۆمەکە
دەسووتا و دەگەیشتە ئەو ئاستە، بزمارەکە دەکەوتە ناو دەورییەکی کانزایی و دەنگێکی
بەرزی دروست دەکرد کە دەبووە هۆی بەخەبەرهاتنی کەسەکە.
٣. لە یۆنانی کۆنیشدا فەیلەسوفی جیهانی ئەفلاتوون،
یەکەمین کاتژمێری ئاوی داهێنا، ئەم ئامێرە لە ڕێگەی پەستانی هەواوە کاری دەکرد،
کاتێک ئاوەکە دەگەیشتە ئاستێکی دیاریکراو دەنگێکی وەک فیکە ی لێ دەهات و کەسەکەی
بە ئاگا دەهێنایەوە.
٤. لە ناوچە جیاوازەکانی جیهانی ئیسلامیشدا کەسانێکی
تایبەت هەبوون کە لە کاتی پارشێو و نوێژی بەیانیاندا بە ناو گەڕەکەکاندا دەگەڕان و
خەڵکیان بە دەنگێکی بەرز و سروودی ئاینی بەخەبەر دەهێنایەوە. ئەم ڕێگایانە دەیسەلمێنن کە مرۆڤ
هەمیشە هەوڵی داوە کاتەکانی ڕێکبخات، تەنانەت پێش ئەوەی تەکنەلۆژیا ببێتە بەشێک لە
ژیانی.