زانایان لە ژێر زەریاکاندا رێگایەکی نوێ بۆ رزگارکردنی زەوی دەدۆزنەوە

PM:05:41:08/03/2026

564 جار خوێندراوەتەوە

زانایان بۆ چارەسەرکردنی گەرمبوونی زەوی و گۆڕانی کەشوهەوا پەنا دەبەنە بەر رووەکێکی ژێر ئاوی زەریاکان.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی GBRF، زانایانی ژینگە پڕۆژەیەکی جیھانی و ناوازەیان لە ئوسترالیا دەستپێکردووە، کە تێیدا ملیۆنان گژوگیای دەریایی "Seagrass" لە ناو زەریاکاندا دەچێنن، ئەم ڕووەکە بچووکانە بە هێزێکی زۆر زیاتر لە دارستانەکانی سەر زەوی کار دەکەن.

ئەنجامی توێژینەوەکان زانیارییەکی سەرسوڕهێنەریان ئاشکراکردووە، ئەم ڕووەکە دەریاییانە توانایەکی بێوێنەیان هەیە کە ٣٠ بۆ ٣٥ جار خێراتر لە دارستانە باراناوییە گەورەکانی وەک ئەمازۆن، گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن هەڵدەمژن و لەناو ڕەگەکانیاندا لە ژێر زەوی دەریادا دەیشارنەوە.

ئەم پڕۆژەیە تەنها بۆ پاککردنەوەی هەوا نییە، بەڵکو چەندین سوودی دیکەی هەیە وەک، ژینگەیەکی ئارام و پڕ لە خۆراک بۆ ماسی و کیسەڵە دەریاییەکان دروست دەکات، کە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە لە لێواری لەناوچووندابوون هەروەها ئەم دارستانە دەریاییانە وەک قەڵغانێک بەرگری لە کەناراوەکان دەکەن لە بەرامبەر شەپۆلە توندەکان.

کە ئەمەش دەبێتە گەورەترین هەنگاوی مرۆڤایەتی بۆ هێشتنەوەی پلەی گەرمی زەوی لە بارە سروشتییەکەی خۆیدا و ڕزگارکردنی هەزاران جۆر لە زیندەوەران لە مەترسی فەوتان.