توێژینەوەیەکی هۆڵەندی ئاماژەی بەوە کردووە ئاستی دەریاکان خێراتر و زیاتر
لەوەی چاوەڕوان دەکرا بەرز دەبنەوە.
توێژینەوەیەکی نوێی زانکۆیەکی هۆڵەندا ئاشکرای کرد، گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی
کە ئاستی دەریاکان خێراتر و زیاتر لەوەی پێشتر پێشبینی دەکرا بەرزدەبنەوە، بە جیاوازی
٢٠ بۆ ٣٠ سانتیمەتر.
یەکێک لە توێژەرەکان لە لێدوانێکدا ڕایگەیاندووە، "پێشبینی بەرزبوونەوەی
ئاستی دەریاکان کاریگەرییە ڕاستەقینەکانی بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات".
دەشڵێت "بەرزبوونەوەی ئاستی دەریاکان کاریگەری لەسەر ژمارەی دانیشتووان
دەبێت بە ڕێژەی ٦٨% ، زیاتر لەوەی پێشتر پێشبینی دەکرا".
جوگرافیناس کاترین سیگەر لەمبارەیەوە دەڵێت "نزیکەی هەموو پێشبینییەکان
لەسەر بنەمای پێوانەکردنی بیرکارییە نەک لەسەر بنەمای پێوانەکردنی ڕاستەقینەی ئاستی دەریاکان لە
ناوچە جیاوازەکانی جیهاندا، لە ئەنجامدا ئەم خەمڵاندنانە بە شێوەیەکی سیستماتیکی ئەو
ناوچەیەی کە مەترسی لەسەرە و ژمارەی ئەو کەسانەی زیانیان بەرکەوتووە بە کەم دەخەمڵێنن،
پێوانەکردنەکانمان دەریدەخەن کە ڕووبەرەکە ٣٧% زیاترە لەوەی پێشبینی کراوە، هەروەها
ژمارەی ئەو کەسانەی کە کاریگەرییان لەسەرە دەوروبەری ١٣٢ ملیۆن کەس دەبن"
سیگەر ڕوونیشی کردەوە کە "بەرزبوونەوەی خێرای پلەکانی گەرمای جیهان
دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی ئاستی دەریاکان بەهۆی توانەوەی سەهۆڵبەندانەکانی گرینلاند
و جەمسەری باکوور، هەروەها سەهۆڵبەندەکانی ڕۆژئاوای ئەنتارکتیکا".
ئەمەش کاریگەرییەکەی لەسەر وڵاتانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، ئوسترالیا
و ناوچەی زەریای هێمن زیاترە، وایکردووە کە دەسەڵاتە ناوخۆییەکان ئەمە لەبەرچاو بگرن
لە کاتی پەرەپێدانی پلانی وەڵامدانەوەی کارەساتەکاندا.