لە دەستکەوتێکی زانستی بێوێنەدا، زانان توانییان بۆ یەکەمجار نۆک لەسەر
خاکی مانگدا بچێنن، ئەمەش هیوایەک دەبەخشێتە مرۆڤایەتی بۆ دابینکردنی خۆراک لە
گەشتە دوورودرێژەکانی بۆشایی ئاسماندا.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی دەستپێکردنی ئەرکی " ئارتەمیس٢" ی
ئەمریکی بۆ سەر مانگ، پرسیاری سەرەکی ئەوەبوو کەشتیوانان لەوێ چی دەخۆن؟،
توێژینەوەیەکی نوێی زانکۆی تەکساس کە لە گۆڤاری "Scientific Reports" بڵاوکراوەتەوە،
ئاماژەی بەوە کردووە کە "نۆک
دەبێتە یەکێک لە باشترین وەڵامەکان".
خاکی مانگ بەوە ناسراوە کە ماددەی ئەندامی و زیندەوەری وردی تێدا
نییە و بڕێکی زۆر کانزای قورسی تێدایە کە بۆ ڕووەک ژەهراوییە، زانایان بۆ
چارەسەرکردنی ئەمە چەند تەکنیکێکیان بەکارهێناوە، ئەویش بە بەکارهێنانی پاشماوەی
خۆراک و جلوبەرگی لۆکە کە کرم خواردوویەتی، بۆ دەوڵەمەندکردنی خاکەکە هەروەها داپۆشینی
تۆوی نۆکەکە بە جۆرە کەڕوویەک کە یارمەتی ڕەگی ڕووەکەکە دەدات خۆراک هەڵبمژێت و لە
هەمان کاتدا ڕێگری دەکات لە هەڵمژینی کانزا ژەهراوییەکان.
ئەنجامی تاقیکردنەوەکە دەریخستووە کە ئەو خاکەی ٢٥٪ پەیینی کرم و ٧٥٪
خاکی مانگی تێدابێت، باشترین بەرهەمی نۆکی لێ بەرهەمدەهێندرێت،هەرچەندە ڕووەکەکان
هەندێک نیشانەی ماندووبوونیان پێوە دیار بووە، بەڵام ئەو ڕووەکانەی بە کەڕووەکە
داپۆشرابوون زۆر زیاتر بەرگەیان گرتووە و ژیاون.
هەرچەندە ئەمە سەرکەوتنێکی گەورەیە، بەڵام هێشتا زانایان دڵنیا نین
لەوەی ئایا تامی ئەم نۆکە چۆنە و تا چەند تەندروستە، تیمە پزیشکییەکە جەخت
دەکەنەوە کە پێویستە لە داهاتوودا دڵنیا ببنەوە کە نۆکەکە چەندە بەهای خۆراکی
تێدایە و ئایا کانزا قورسەکانی تێدایە یان نا، پێش ئەوەی وەک ژەمە خۆراکێک پێشکەشی
کەشتیوانانی ئاسمان بکرێت.