ژنێک بۆ ماوەی ٦٥ ساڵە لە یەک شوێن کار دەکات

PM:04:30:17/02/2026

2088 جار خوێندراوەتەوە

ژنێکی تەمەن ٩١ ساڵ، بۆ ماوەی ٦٥ ساڵە لە یەک شوێن کاردەکات و بەوهۆیەشەوە ناوی چووەتە کتێبی گینیسەوە.

بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی " The Economic Times"، یاسوکۆ تاماکی ژنێکی تەمەن ٩١ ساڵی ژاپۆنییە، بە ئەنجامدانی کارێکی سەرسوڕهێنەر توانیویەتی ناوی خۆی لە کتێبی گینیس بۆ ڕیکۆردە جیهانییەکان تۆمار بکات.

یاسوکۆ بۆ ماوەی ٦٥ ساڵە بەردەوام لە هەمان کۆمپانیا و لە هەمان پۆستدا کاردەکات، لە ساڵی ١٩٥٦ لە تەمەنی ٢٦ ساڵیدا دەستی بە کارکردن کردووە لە کۆمپانیای سونکۆ ئیندستریز، هەرگیز کۆمپانیاکەی بەجێنەهێشتووە، وەک بەڕێوەبەری ئۆفیس کاردەکات و تا تەمەنی ٩١ ساڵی لە هەمان پۆستدا ماوەتەوە.

جێگەی باسە بۆ ماوەی ٦٥ ساڵ، هەموو ڕۆژێک کاتژمێر ٥:٣٠ی بەیانی هەستاوە و تا کاتژمێر ١٧:٣٠ی ئێوارە کاریکردووە، بەم شێوەیە پێنج رۆژ لە هەفتەیەکدا کاری کردووە، خشتەی کارکردنی جیاوازی نەبووە لەگەڵ خشتەی کارەکانی هاوکارەکانی.

سەرەڕای تەمەنی، زۆر بە لێهاتوویی Excel و تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بەکاردەهێنێت و هاوکارێکی باشی هاوپیشەکانێتی.

یاسوکۆ دوای بردنەوەی خەڵاتەکەی رایگەیاند " من تەنها ئەوەم کردووە کە لێم چاوەڕوان کراوە، بەڕاستی زۆر دڵخۆشبووم بە خەڵاتەکە".