زۆرێک پێیان وایە کوڵاندنی ئاو زیاتر لە چەند جارێک وادەکات ژەهراوی
بێت یان زیان بە تەندروستی دەگەیەنێت، بەڵام زانست ئاشکرای کردووە کە ئەم باوەڕە نادروستە.
بەگوێرەی ماڵپەڕی "science.mail"،
شارەزایان دووپاتیان کردووەتەوە کە کوڵان گۆڕانکاری لە خودی مۆلیکولەکانی ئاودا ناکات،
بەڵکو تەنها دەبێتە هۆی لەدەستدانی گازە تواوەکانی وەک ئۆکسجین و نایترۆجین، ئەم لەدەستدانەش
ڕەنگە کەمێک تامەکەی بگۆڕێت، چا یان قاوە کە بە ئاوی کوڵاو دروست دەکرێت، ڕەنگە تامێکی
کەمتری هەبێت، بەڵام بە تەواوی سەلامەت دەمێنێتەوە بۆ خواردنەوە.
هەروەها ڕەنگە چڕیی هەندێک لە کانزا و خوێیەکان کەمێک زیاد بکات بەهۆی
هەڵمبوونی بەشێک لە ئاوەکە، بەڵام ئەم کاریگەرییە زۆر کەم دەبێتەوە، بەتایبەتی ئەگەر
ئاوی بەکارهێنراو لە سەرچاوەیەکی پاکەوە بێت.
هەڵەیە گریمانە بکەین کە کوڵاندن پێکهاتەی زیانبەخشی نوێ دروست دەکات
مەگەر ئاوەکە پێشتر پیس بووبێت ئەگەر نا هیچ مەترسییەکی تەندروستی نییە.
ئاو دەتوانرێت بە سەلامەتی بکوڵێنرێتەوە ئەگەر پاک بێت و بۆ ماوەیەکی
زۆر هەڵنەگیرابێت، زۆرجار تەنها تامەکەی کاریگەری لەسەر دەبێت، لەکاتێکدا سەرچاوەی
ئاوەکە و پاکوخاوێنی کترییەکە زۆر گرنگترە لە ژمارەی جارەکانی کوڵاندنی ئاوەکە.