مۆز یان سێو، کامیان باشترە بۆ دابەزاندنی کێش؟

AM:11:06:21/01/2026

992 جار خوێندراوەتەوە

میوە لە باشترین هەڵبژاردنەکانە بۆ خواردنی کەم و تەندروست، بەڵام کاریگەری سێو و مۆز لەسەر هەرسکردن و بەڕێوەبردنی کێش جیاوازە.

بەپێی بابەتێکی ماڵپەڕی " eremnewsسێو نزیکەی چوار گرام ڕیشاڵی تێدایە ئەمەش یارمەتی هەرسکردن دەدات و جوڵەی ڕیخۆڵە ڕێکدەخات، لە بەرامبەردا مۆز سێ گرام ڕیشاڵی تێدایە کە خۆراک دەدات بە بەکتریا سودبەخشەکانی ڕیخۆڵە، ئەمەش سوودێکی بۆ تەندروستی مایکرۆبایۆمی پێدەبەخشێت.

سێو ڕێژەی گلایسیمیکی کەمی هەیە، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ پاراستنی ئاستی شەکری خوێن بە جێگیری و هەستکردن بە تێربوون زیاد دەکات، بەڵام مۆز ڕێژەی گلایسیمیکی نزم بۆ مامناوەندی هەیە و لەگەڵ پێگەیشتنیدا ڕێژەی شەکرەکەی زیاد دەکات.

سێو ڕێژەی کالۆری کەمی تێدایە و هەروەها ڕێژەی ئاوی زۆرە، ئەمەش وایکردووە باشترین بێت بۆ بەڕێوەبردنی کێش لە بەرامبەردا مۆز کەمێک کالۆری زیاترە و دەوڵەمەندە بە پۆتاسیۆم و ڤیتامین B6 ئەمەش وزەیەکی گونجاو پێش یان دوای وەرزشکردن دابین دەکات.

پسپۆران ئاماژە بەوە دەکەن کە سێو وەک خواردنێکی کەمی ڕۆژانە یان پێش ژەمەکان بخورێت هەروەها مۆز پێش وەرزشکردن یان کاتێک پێویستت بە زیادکردنی وزەی خێرا بوو بخورێت.

سێو باشترە بۆ هەرسکردن و کۆنترۆڵکردنی کالۆری، لەکاتێکدا مۆز پاڵپشتی وزە و تەندروستی ڕیخۆڵە دەکات، باشترین رێگاش ئەوەیە کە بەپێی پێویستی ڕۆژانەت تێکەڵیان بکەیت.