هێلکە بە یەکێک لە گرنگترین سەرچاوەکانی پڕۆتین دادەنرێت، وا دەکات بۆ ماوەیەکی زۆر هەست بە تێری
بکەیت و بەم شێوەیەش یارمەتی
کۆنترۆڵکردنی کێش دەدات، بەڵام لە چ کاتێکدا پێویستە هێلکە بخۆیت؟.
بەپێی توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری "International Journal of Obesity"
بڵاوکراوەتەوە، کاتی خواردنی هێلکە ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕێت بۆ وەرگرتنی زۆرترین
سوودی، لێکۆڵینەوەکە دەریخستووە خواردنی هێلکە بۆ ژەمی بەیانیان دەبێتە هۆی دابەزاندنی
زیاتری کێش و کەمبوونەوەی چەوری دەوری کەمەر.
نانی بەیانی کاتێکی گونجاوە بۆ خواردنی هێلکە، چونکە ئەو پرۆتینەی تێدایە
کە هۆرمۆنەکانی تێربوون زیاد دەکات و ئاستی شەکری خوێن جێگیر دەکات، بەمەش ئارەزووی
خواردنی ژەمی زیادە کەمدەکاتەوە هەروەها میتابۆلیزم زیاد دەکات، دەبێتە هۆی زیادبوونی
سووتانی کالۆری و زیادبوونی وزە.
هێلکە دوای ڕاهێنان کاریگەری ئەرێنی لەسەر جەستە دروست دەکات چونکە دەوڵەمەندە
بە ترشە ئەمینیەکان کە یارمەتی چاککردنەوە و دروستکردنی ماسولکە دەدات و ئازاری ماسولکەکان
کەمدەکاتەوە، لە هەمان کاتدا بارستەی ماسولکەکانی پێویست بۆ بەرزکردنەوەی میتابۆلیزم
و سووتاندنی چەوری بە شێوەیەکی کاریگەر دەپارێزێت.
ئێواران دەتوانرێت چێژ لە هێلکە وەربگیرێت وەک خواردنێکی کەم دەوڵەمەند
بە پرۆتین، پێکهاتەکانی وەک تریپتۆفان و میلاتۆنین لەخۆدەگرن، کە خەوتن باشتر دەکەن،
خەوتنی باشیش بۆ بەڕێوەبردنی کێش پێویستە، هێلکە ماددە خۆراکییە پێویستەکان دابین دەکات
بەبێ ئەوەی کالۆری زیادە زیاد بکات.
پێشنیار دەکرێت هێلکە بە ڕێژەیەکی مامناوەند بخورێت، بۆ زۆربەی کەسانی
تەندروست تا حەوت هێلکە لە هەفتەیەکدا گونجاوە.