گەورە میدیاکاری ئەمریکی ئۆپرا وینفری هۆکاری دووبارە زیادبوونەوەی کێشی
ئاشکرا دەکات.
گەورە میدیاکاری ئەمریکی ئۆپرا وینفری، ئاشکرایکرد دوای وازهێنان لە دەرمانی
دابەزاندنی کێش لە ساڵی ڕابردوودا، بڕێکی بەرچاو لە کێشی زیادی کردووەتەوە.
لە چاوپێکەوتنێکدا لە بەرنامەی "The Today
Show"، ئۆپرای تەمەن ٧١ ساڵ، ڕوونیکردەوە کە نزیکەی نۆ کیلۆگرام کێشی
زیادی کردووە دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠٢٤دا دەرمانی ڕێگریکەری "GLP-1"ی وەستاندووە،
ئاماژەی بەوەشکردووە بە مەبەست وازی لە خواردنی دەرمانەکە هێناوە بۆ ئەوەی توانای پاراستنی
کێشی خۆی تاقیبکاتەوە لە ڕێگەی شێوازی ژیانی تەندروستەوە بە تەنیا.
ئۆپرا وینفری رایگەیاند "ویستم خۆم ئەزموونی کۆنترۆڵکردنی کێشم
تاقیکەمەوە بەبێ ئەوەی پشت بە دەرمانی دابەزاندنی کێش ببەستم، بەڵام سەرەڕای پابەندبوونم
بە وەرزشکردن و خۆراکی تەندروست کێشم وردە وردە زیاد دەکاتەوە"
هەرچەندە ناوی ئەو دەرمانەی ئاشکرا نەکرد کە بەکاری هێناوە، بەڵام
باسی لەوە کرد کە یارمەتی داوە نزیکەی نزیکەی ٢٢ کیلۆگرام لە کێشی دابەزێنێت
لەگەڵیشیدا ئەو دەرمانە یارمەتی داوە واز لە خواردنەوەی کهول بهێنێت و بە بەردەوامی
وەرزش بکات و پەیوەندییەکی ئەرێنیتر لەگەڵ خۆراکدا دروست بکات.
ئەزموونی وینفری هاوکاتە لەگەڵ دەرئەنجامەکانی توێژینەوە پزیشکییەکانی
ئەم دواییە، دیارترینیان پێداچوونەوەیەکی بەرفراوان بوو لە زانکۆی ئۆکسفۆرد کە ٣٧ توێژینەوە
و زیاتر لە ٩٣٠٠ کەسی لەخۆگرتبوو، ئەم پێداچوونەوەیە گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە زۆربەی
بەکارهێنەرانی دەرمانی دابەزاندنی کێش لە ماوەی دوو ساڵدا دوای وەستاندنی چارەسەرکردن
کێشیان دووبارە زیاد دەبێتەوە بە ڕێژەی نزیکەی یەک کیلۆ لە مانگێکدا.
وینفری دەرمانی قەڵەوی وەک دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان دەبینێت و
دەڵێت "هەر وەک چۆن ئەگەر واز لە خواردنی دەرمانی پەستانی خوێن بهێنیت جارێکی
دیکە پەستانی خوێنت بەرز دەبێتەوە، بە هەمان شێوەشە بۆ دەرمانی دابەزاندنی کێش".