ئامانجەکانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ چین لە ساڵی 2026؟

PM:02:15:10/01/2026

68 جار خوێندراوەتەوە

رۆناڵدۆ لە ساڵی 2026دا ئامانجی گەیشتنە بە گۆڵی ژمارە هەزار و شکاندنی چەند ژمارە پێوانەییەکی ترە.

رۆژنامەی ریکۆردی پۆرتوگالی راپۆرتێکی لەسەر کریستیانۆ رۆناڵدۆ بڵاوکردەوە کە دەیەوێت لە ساڵی 2026دا چەندین ئاماری نوێ بشکێنیێت لە کاتێکدا تەمەنیشی دەبێتە 41 ساڵ.

ئەو رۆژنامەیە ئاشکرایکردووە، ئامانجی یەکەمی ئەستێرە پۆرتوگالیەکە گەیشتنیەتی بە گۆڵی ژمارە هەزار لە ژیانی وەرزشیدا لە کاتێکدا تا ئێستا 958 گۆڵی تۆمارکردووە و تەنها 42 گۆڵی ماوە بۆ ئەو ژمارەیە.

ئامانجی دووەمی ئەو یاریزانەش کە چەند ساڵێکە خەونی پێوەدەبینێت ئەویش بردنەوەی نازناوی خولی سعودیەیە تا ببێتە یەکەم یاریزان نازناوی چوار خولی ناوخۆی جیاواز بەدەستبهێنێت لە کاتێکدا پێشتر نازناوەکانی خولی ئینگلتەرا و ئیسپانیا و ئیتاڵیای بردووەتەوە.

ئامانجێکی تری ئەستێرە پۆرتوگالیەکە تۆمارکردنی گۆڵە لە مۆندیالی ساڵی 2026 تا ببێتە یەکەم یاریزان لە مێژووی تۆپی پێدا لە شەش مۆندیالی جیاوازدا گۆڵ تۆماربکات.

کریستیانۆ تا ئێستا 180 گۆڵی بە لێدانی سزا تۆمارکردووە و دەیەوێت ئەو ژمارەیە بگەیەنێتە 200 گۆڵ بە لێدانی سزا، جگە لەوەش دەیەوێت ببێتە یەکەم یاریزانی بیانی کە زۆرترین گۆڵی لە مێژوودا بۆ یانەی نەسر تۆمارکردبێت، هەروەها دەیەوێت ببێتە یەکەم یاریزان کە لە دوای تەمەنی 30 ساڵیەوە 500 گۆڵی تۆمارکردبێت لە کاتێکدا تەنها شەش گۆڵی ماوە و تا ئێستا 494 گۆڵی کردووە.