توێژینەوەیەک:کۆتایی جیهان زۆر نزیکە

AM:11:20:10/01/2026

216 جار خوێندراوەتەوە

توێژینەوەیەکی زانستی کە لە ساڵی ١٩٦٠ ئەنجامدراوە ئاماژە بەوە دەکات کە گەشەکردنی خێرایی دانیشتووان دەتوانێت ببێتە هۆی برسێتی بەکۆمەڵ و هەرەسهێنانی شارستانیەتی مرۆڤایەتی.

توێژەرانی توێژینەوەکە هۆشدارییان داوە لە دۆخێک کە تێیدا سەرچاوەکان بەس نابن بۆ مانەوەی ڕەگەزی مرۆڤ.

بە درێژایی مێژوو پێشبینی زۆر سەبارەت بە کۆتایی جیهان بڵاوکراونەتەوە، لە نووسینە کۆنەکانەوە کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ پێش ئێستا تا دەگاتە پێشبینییە زانستییە نوێیەکان.

لە تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٦٠، گۆڤاری "Science" بابەتێکی سێ توێژەری بە ناوەکانی هاینز ڤۆن فۆرستەر، پاتریشیا مۆر و لۆڕێنس ئەمیۆ بڵاوکردەوە کە هۆشدارییان داوە و باسیان لەوە کردووە کە رەنگە داڕمانی شارستانیەتی مرۆڤایەتی و کۆتایی جیهان لە ساڵی ٢٠٢٦ رووبدات.

توێژەران باسی شەڕی ئەتۆم، کاریگەری نەیزەک یان هەندێک کارەساتی سروشتی نائاسایی دیکەیان نەکردووە، بەڵکو باسیان لە پڕۆسەی زیادبوونی خێرای دانیشتووان دەکرد، بەپێی لێکدانەوەکانیان پێشکەوتنە پزیشکییەکان و زیادبوونی تەمەن دەبێتە هۆی خێرابوونی ڕێژەی گەشەی دانیشتوانی جیهان.

لە ساڵی ١٩٦٠ ژمارەی دانیشتوانی جیهان نزیکەی سێ ملیار بووەبەڵام تا سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ هەشت ملیاری تێپەڕاندووە لەگەڵیشتدا خەمڵاندنەکانی ئێستا ئەوە دەردەخەن کە ژمارەی دانیشتوانی جیهان لە دەوروبەری ساڵی ٢٠٨٠دا دەگاتە لوتکە نەک لە دەیەی داهاتوودا و ئەگەری دابەزینی وردە وردەشی لە دوای ئەوە هەیە.

ئەم بیرۆکەیە تازە نییە، لە ساڵی ١٧٩٨دا، ئابووریناسی بەریتانی تۆماس مالتۆس ئاماژەی بەوەدا کە ژمارەی دانیشتووان بە ڕێژەیەکی خێراتر گەشە دەکات لە کاتێکدا بەرهەمهێنانی خۆراک زۆر خاوتر گەشە دەکات، ئەمەش بە وتەی خۆی لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی برسێتی بەکۆمەڵ.

جیگەی باسە تا ئێستا پێشکەوتنە تەکنەلۆژی و کشتوکاڵییەکان سەرکەوتوو بوون لە پووچەڵکردنەوەی ئەم پێشبینییە، سەرەڕای ئەوەش ترس لە پێشبینییەکان بەردەوامە، لە ئێستادا زۆربەی زانایان پێیان وایە مرۆڤایەتی لەبەردەم کۆتایییەکی نزیکدا نییە بەڵکو ئەمە بابەتێکی ئاڵۆزە و کەس ناتوانێت پێشبینی بکات.