کچێک تووشی وەرەمێکی دەگمەنی قاچ دەبێت

PM:01:35:02/01/2026

4636 جار خوێندراوەتەوە

یاسمین ڕامیرێز، کچێکی تەمەن ١٤ ساڵ و خەڵکی ویلایەتی فلۆریدا، نزیکەی ١٧ کاتژمێر نەشتەرگەری بۆ بڕینی قاچی چەپی ئەنجامدرا، دوای ئەوەی بەهۆی وەرەمێکی دەگمەنەوە قاچی چەپی گەورە بوو بۆ دەیان کیلۆ.

لە کاتی نەشتەرگەرییە ئاڵۆزەکەدا تیمی پزیشکی لە نەخۆشخانەی منداڵانی جۆنز هۆپکینز نەک هەر قاچەکەیان بڕی بەڵکو 90%ی وەرەمەکەیان دەرهێنا کە بۆ سکی کچەکە بڵاوبووەوە.

میدیاکان بڵاویانکردەوە، ڕامیرێز لە تەمەنی دوو ساڵییەوە تووشی نەخۆشییەکی دەگمەنی لیمفۆما بووە، ئەمەش وایکردووە قاچی بە شێوەیەکی نائاسایی گەشە بکات.

بەدرێژایی ساڵان چەندین نەشتەرگەری بۆ ئەنجامدراوە، بەڵام هەوکردنی ئەم دواییەی قاچی وایکرد پزیشکەکان بڕیاری بڕینی قاچی بدەن بەتەواوی.

ئەناستازیا خوشکی یاسمین کەمپینێکی "GoFundMe" ی دەستپێکرد بۆ یارمەتیدانی خێزانەکەی لە خەرجییەکان، بەم هەڵمەتەی زیاتر لە ٢٢ هەزار دۆلاری کۆکردبووەوە، هەروەها خێزانەکەی هەژماریکی فەیسبووکیان هەیە بۆ ئەوەی زانیاری نوێ لەسەر بارودۆخی یاسمین بڵاوبکەنەوە

ئەناستازیا ڕایگەیاندووە کە یاسمین ڕۆژ بە ڕۆژ باشتر دەبێت و بەهێز و ئازا و میهرەبانە دوای ئەو نەشتەرگەرییە ئاڵۆزە، بەڵام خۆگونجاندن لەگەڵ ئەم قۆناغە نوێیەی ژیانی هێشتا قورسە و پێویستی بە یارمەتی و چاودێری زیاتر هەیە.