فستق یان گوێز، کامیان تەندروستترە؟

AM:11:10:24/12/2025

2980 جار خوێندراوەتەوە

فستق و گوێز دەوڵەمەندن بە ماددە خۆراکیەکان کە چەندین سوودی تەندروستی پێشکەش دەکەن، بەتایبەتی بۆ تەندروستی دڵ و کۆئەندامی هەرس و میتابۆلیزم، بەهای خۆراکییان بەگشتی هاوشێوەیە، بەڵام جیاوازییەکی بەرچاو لە ڕێژەی پڕۆتین و چەوری و ڕیشاڵدا هەیە کە ڕەنگە یەکێکیان گونجاوتر بکات لە یەکێکی تر بەپێی ئامانجی تەندروستی.

لە بابەتێکی ماڵپەڕی " eremnews" دا ئاماژەی پێکراوە، لە یەک ژەمدا (٢٨ گرام) فستق کالۆری کەمتری تێدایە لە گوێز (١٥٨ لە بەرامبەر ١٨٥ کالۆری) و کەمێک زیاتر پرۆتینی دابین دەکات، فستق نزیکەی ٥.٨ گرام پرۆتین لە هەر ٢٨ گرامێکدا دابین دەکات، لە کاتێکدا لە گوێزدا ٤.٣ گرام پرۆتین دابین دەکات.

فستق ڕێژەیەکی بەرزی هەموو ترشە ئەمینییە بنەڕەتییەکانی تێدایە. ئەمەش وای لێدەکات ببێتە هەڵبژاردەیەکی باش بۆ ئەوانەی کە سەرنجیان لەسەر پرۆتینی بنەمای ڕووەکی یان تێربوونە.

لە ڕووی چەورییە تەندروستەکانەوە گوێز لە ئاستێکی باشتردایە و زۆربەیان چەورییە فرە نەتێرەکانن لە بەرامبەردا فستق بە گشتی چەوری کەمتر لەخۆدەگرێت بەڵام دەوڵەمەندە بە چەوری تاک نەتێر وەک ترشی ئۆلیک کە هاوکات یارمەتیدەرە بۆ تەندروستی دڵ.

جگە لە پرۆتین و چەوری و ڕیشاڵ، هەردووکیان فستق و گوێز ڤیتامین و کانزا گرنگەکانی وەک مەگنیسیۆم و پۆتاسیۆم و فسفۆڕ و دژە ئۆکسانەکان بە جەستە دەبەخشن، فستق بە تایبەتی ڕێژەیەکی بەرزی پۆتاسیۆم و ڤیتامین Aی تێدایە، لەکاتێکدا گوێز ڕێژەیەکی زۆرتر لە ترشی فۆلیکی تێدایە.

شارەزایان جەخت لەوە دەکەنەوە فستق و گوێز هەریەکەیان سوودی خۆی هەیە فستق گونجاوە بۆ ئەو کەسانەی کە بەدوای پرۆتین و ڕیشاڵدا دەگەڕێن، لەکاتێکدا گوێز هەڵبژاردەیەکی نایابە بەدەستهێنانی ترشی چەوری ئۆمیگا ٣. بە لەبەرچاوگرتنی چڕی کالۆری بەرزیان، هەردووکیان دەتوانن بەشێکی گرنگ بن لە خۆراکی هاوسەنگ کاتێک بە شێوەیەکی مامناوەند دەخورێن.