توێژینەوەیەک جیاوازی وەرزەکان لە سەرانسەری جیهاندا ئاشکرا دەکات

AM:11:27:23/12/2025

2644 جار خوێندراوەتەوە

زانایانی زانکۆی کالیفۆرنیا لە ڕێگەی چاودێریکردنی زەوی لە بۆشایی ئاسمانەوە ئاشکرایان کردووە کە وەرزەکان شێوازێکی یەکسان پەیڕەو ناکەن وەک ئەوەی پێشتر بیری لێدەکرایەوە، بەڵکو جیاوازیەکی بەرچاو لە نێوان ناوچەکاندا هەیە، تەنانەت ناوچەکانی دراوسێش.

توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری "Nature" بڵاوکراوەتەوە دەریخستووە کە لێکچوون لە شوێنی جوگرافی یان پانیدا مەرج نییە بە مانای هاوکاتکردنی گۆڕانکارییە وەرزییەکان بێت.

توێژەران ڕوونیان کردەوە کە ناوچە نزیکەکان لە رووەی خوگرافیاوە ڕەنگە تووشی بارودۆخی کەشوهەوای و ژینگەیی جیاواز ببن، ئەمەش دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی ئیکۆسیستەمی جۆراوجۆر، دیاردەیەک کە زاناکان بە سنووری ناوچەی کاتی دەست نیشانی دەکەن.

زاناکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو شوێنانەی هەمان نیوەگۆی هاوبەشیان هەیە، لە هەمان پانیدا هەڵکەوتوون، یان لە بەرزییەکی هاوشێوەدا، مەرج نییە هەمان گۆڕانکاری وەرزی لە هەمان کاتدا ئەزموون بکەن، تەنانەت ناوچەکانی تەنیشت یەکتر دەتوانن شێوازی کەشوهەوا و ژینگەیی زۆر جیاوازیان هەبێت، ئەمەش شوێنی نیشتەجێبوونی سروشتی زۆر جیاواز لە نێوان دوو دراوسێدا دروست دەکات.

تیمی توێژینەوەکە پشتیان بە زانیاریی مانگی دەستکردەکان بەستووە کە لە ماوەی ٢٠ ساڵدا کۆکراونەتەوە، ئەمەش وایکردووە نەخشەیەکی گشتگیر بۆ کاتی وەرزەکان لە ئیکۆسیستەمەکانی جیهاندا دروستبکەن، ئەنجامەکان دەریانخست کە ناهاوسەنگی وەرزی لە بوارە جیاوازەکاندا زیندوو دیارە کە جیاوازی شێوازی کشتوکاڵی و زاوزێی سروشتی ڕوون دەکاتەوە.

درو تێراساکی هارت، توێژەری سەرەکی توێژینەوەکە دەڵێت: "پێشتر بیرمان لە وەرزەکان دەکرد وەک شێوازێکی سادە و دووبارەبووەوە، بەڵام دۆزینەوەکانمان دەریدەخەن کە ساڵنامەی سروشت زۆر ئاڵۆزترە، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە کات و شێوەی خولی وەرزی لە هەمان ناوچەی جوگرافیدا جیاوازە".

نەخشەکە نموونەی سەرنجڕاکێشی لەخۆگرتبوو، وەک شارەکانی فۆنیکس و توکسۆن لە ویلایەتی ئەریزۆنا کە تەنها نزیکەی ١٦٠ کیلۆمەتر لەیەکترەوە دوورن، لەگەڵ ئەوەشدا سووڕی کەشوهەوایان جیاوازییەکی بەرچاوی هەیە، توکسۆن زۆربەی بارانبارینی لە وەرزی هاویندایە لەکاتێکدا بارانبارینی فۆنیکس لە زستاندا چڕ دەبێتەوە، ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر سروشتی ئیکۆسیستەمی هەریەکەیان دەبێت.

زانایان جەخت لەسەر گرنگی ئەم دۆزینەوانە دەکەنەوە، چونکە زۆرێک لە مۆدێلە ژینگەییەکانی ئێستا پشت بە گریمانە سادەکان دەبەستن سەبارەت بە وەرزەکان، ئەوان پێیان وایە کە تێگەیشتنێکی ورد لە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا پێویستی بە ڕەچاوکردنی ئەم جیاوازییە ناوخۆییە وردانە هەیە، تەنانەت لە نێوان ناوچە دراوسێکانیشدا.