هۆکاری مانەوەی جەستە نایابەکەی مێسی چییە؟

PM:03:22:22/12/2025

2864 جار خوێندراوەتەوە

هۆکاری مانەوەی جەستە نایابەکەی مێسی رێجیمێکی توند و ئەنجامدانی چەند وەرزشێکی جۆراوجۆرە.

لیۆنێل مێسی ئەرجەنتینی بە یەکێک لە گەورەترین یاریزانەکانی تۆپی پێ دادەنرێت، هەندێکیش بە باشترین یاریزانی مێژوو دەزانن، ئەمەش بەهۆی ئەو ژمارە و دەستکەوتانەی لە ماوەی زیاتر لە 20 ساڵدا بەدەستی هێناوە.

پسپۆرێکی خۆراکی ئیتاڵیا بەناوی جولیانۆ پۆزیێر دەڵێت، بەردەوامی سەرکەوتنەکانی مێسی لە لوتکەدا تەنها بەهۆی بەهرەمەندییەکانەوە نەبووە، بەڵکو دەرئەنجامی ژیانێکی پڕ لە سەرکێشی و ڕێجیم و ڕاهێنانە ورد و پلان بۆ داڕێژراوەکان بووە.

بەگوێرەی ماڵپەڕی ڤۆی، مێسی لەم دواییانەدا ڕێجیمێکی تایبەتی گرتەبەر، پێشتر تا رادەیەک شیرینی و پیتزا و خۆراکی جۆراوجۆری دەخوارد، بەڵام ئەوە تووشی رشانەوە و تێکچوونی گەدەی کردووە، بۆیە گەیشتە ئەو بڕوایەی کە دەبێت وازیان لێ بهێنێت تا لەم تەمەنەدا جەستەی بە نایابی بمێنێتەوە.

خاڵی وەرچەرخانی ڕاستەقینە لە ساڵی 2014 لە ژیانی مێسیدا دەستیپێکرد، کاتێک دەستی بە کارکردن کرد لەگەڵ پسپۆڕی خۆراکی ئیتاڵی جولیانۆ پۆزیێر، کە تیشکیان خستە سەر کەمکردنەوەی هەوکردن و یارمەتیدانی ماسولکەکان بۆ زووتر چاکبوونەوە.

بۆزیر جەخت لەوە دەکاتەوە کە، ئەوەی لە تەمەنی 18 ساڵیدا لەگەڵ جەستەدا دەگونجێت مەرج نییە لە تەمەنی 27 ساڵیدا لەگەڵ جەستەدا بگونجێت، ئەمەش بنەمایەک کە مێسی بە توندی پەسەندی کردووە.

باس لەوەش دەکات، مێسی خۆی لە خواردنی شەکر و ئاردی پاڵاوتە و کاربۆهیدرات زیان بەخشەکان و خواردنەوە گازییەکان و خواردنە خێراکان بەدوور دەگرێت، لە بەرامبەردا پابەندە بە چەندین وەرزش بۆ کشانی ماسولکەکانی جەستە.