توێژینەوەیەک: ڤیتامین سی یارمەتی زیادکردنی ئاستی کۆلاجینی پێست دەدات

PM:12:34:04/12/2025

1184 جار خوێندراوەتەوە

توێژینەوەیەکی نوێ کە لەلایەن توێژەرانی زانکۆی ئۆتاگۆ لە نیوزلەندا ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە کە بەرهەمهێنانی کۆلاجین و دووبارە دروستبوونەوەی خانەکانی پێست راستەوخۆ وەڵامی ئەو بڕە ڤیتامینە سییە دەداتەوە کە بەکاریدەهێنین.

بەگوێرەی ماڵپەڕی "Medical Xpress"، توێژینەوەکە دەریدەخات ئاستی ڤیتامین Cلە پێستدا پەیوەندییەکی نزیکی بەرهەمهێنانی کۆلاجینەوە هەیە و هەروەها هاندەری دووبارە دروستبوونەوە و نوێبوونەوەی چینی دەرەوەی پێستە.

توێژینەوەکە لەسەر بیست کەسی پێگەیشتووی تەندروست لە نیوزلەندا و ئەڵمانیا ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە ئەو کەسانەی رۆژانە خۆراکی دەوڵەمەند بە ڤیتامین سی دەخۆن تەندروستی پێستیان باشترە و بەرهەمهێنانی کۆلاجینیان زیاترە.

پرۆفیسۆر مارگریت ڤیسێرز نووسەری سەرەکی توێژینەوەکە دەڵێت " ئێمە سەرمان سوڕما لە پەیوەندییە بەهێزەکەی نێوان ئاستی ڤیتامین سی و پێست، ئەم ڤیتامینە دەچێتە ناو هەموو چینەکانی پێستەوە و پەیوەندی بە باشتربوونی کارکردنی پێستەوە هەیە"