لە پاشماوەی قاوە کۆنکرێت دروست دەکرێت

PM:02:48:02/12/2025

120 جار خوێندراوەتەوە

توێژەرانی پەیمانگای تەکنەلۆجیای ڕۆیاڵ مێلبۆرن (RMIT) لە ئوسترالیا شێوازێکی داهێنەرانەیان ئاشکرا کردووە بۆ کەمکردنەوەی کاربۆن لە کەرتی بیناسازیدا لەڕێگەی گۆڕینی پاشماوەی قاوە بۆ مادەیەکی کاریگەر کە لە بەرهەمهێنانی کۆنکرێتی بەهێزتر و کەمتر زیانگەیاندن بە ژینگە بەکاردەهێنرێت.

توێژەران ڕوونیان کردەوە کە ئەم شێوازە داهێنەرە پەرە بە پراکتیکەکانی بیناسازی بەردەوام و ئابووری دەدات، پاشماوەی قاوە ڕۆژانە بڕێکی بەرچاو کۆدەبێتەوە و هەیە، چ لە کافێ یان ماڵەوە، زۆرجاریش لە زبڵدانەکاندا فڕێدەدرێت یان دەسوتێنرێت، ئەمەش بەشدارە لە زیادبوونی دەردانی کاربۆن و پیسبوونی ژینگە.

بەڵام توێژینەوەکە توانای گۆڕینی ئەم پاشماوەیانەی نیشان دا بۆ مادەیەکی بیناسازی کاریگەر کە بە "Biochar"ناسراوە، کە دەتوانرێت وەک جێگرەوەیەک لە بەرهەمهێنانی کۆنکرێتدا بەکاربهێنرێت، ئەمەش وای لێدەکات ببێتە سەرچاوەیەکی بەردەوام کە پشتبەستن بە خۆڵە سروشتییەکان کەمدەکاتەوە و شوێنپێی کاربۆنی بیناسازی کەمدەکاتەوە، لە هەمان کاتدا هێزی کۆنکرێت زیاد دەکات.

ئەم تەکنەلۆژیایە پشت بە گەرمکردنی وردە قاوە بەکارهێنراوەکان دەبەستێت بۆ نزیکەی ٣٥٠ پلەی سەدی، پرۆسەیەک کە پێی دەوترێت پیرۆلیسیس بۆ بەرهەمهێنانی تۆزێکی ورد کە دەتوانرێت ڕاستەوخۆ بخرێتە ناو تێکەڵەی کۆنکرێتەکەوە، تاقیکردنەوەکانی پێشوو دەریانخستووە کە گۆڕینی لەسەدا ١٥ی خۆڵەکە بە بایۆچار بووەتە هۆی زیادبوونی هێزی کۆنکرێتەکە بە نزیکەی لەسەدا ٣٠ دوای ٢٨ ڕۆژ، ئەمەش دەستکەوتێکی بەرچاوە کە جەخت لەسەر بەهای ئەندازیاری ئەم داهێنانە دەکاتەوە.

هەروەها توێژینەوەکە کەمبوونەوەی بەکارهێنانی سووتەمەنی بەردینی بە ڕێژەی لەسەدا ٣١ تۆمارکردووە، لەگەڵ باشتربوونی کاریگەرییە ژینگەییەکان لەسەر ڕووبار و دەریاچەکان.

توێژەران ئاماژەیان بەوە کردووە کە لە ئێستاوە لە پەیوەندیدان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی پیشەسازی و حکومەتە ناوخۆییەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا لە پڕۆژەکانی ئێستادا، باسیشیان لەوە کرد کە قۆناغی داهاتوویان بریتییە لە فراوانکردنی بازنەی تاقیکردنەوەکان، باشترکردنی تێکەڵەکان، بۆ دڵنیابوون لە پەسەندکردنی متمانەپێکراوی کۆنکرێتی نوێ لەناو کەرتی بیناسازیدا.