ژنێکی بەساڵاچوو: ئەوەی ببێت بە کچم سامانەکەمی پێشکەش دەکەم

PM:01:27:02/12/2025

7224 جار خوێندراوەتەوە

ژنێکی بەساڵاچوو دەیەوێت کچێکی نوێ بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی لەلای بێت و چاودێری بکات، لە بەرامبەردا موچە و موڵکەکانی پێشکەش دەکات.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی "ساوس چاینا مۆرنینگ پۆست"،لە چین ژنێکی بەساڵاچوو رایگەیاندووە کە دەیەوێت کچێکی نوێ بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی خزمەتی بکات و لەلای بێت دوای ئەوەی بۆی دەرکەوت کە مەحاڵە بتوانێت پشت بە دوو کچە ڕاستەقینەکەی خۆی ببەستێت.

ئەو ژنە کە بە ناوی "ما" ناسراوە لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی ناوخۆییدا ئاماژەی بەوەکردووە کچە گەورەکەی نایەوێت پەیوەندی لەگەڵیدا بکات، کچەکەی دیکەشی کێشەی دەروونی هەیە و ناتوانێت چاودێری خۆشی بکات.

ئەو ژنە بەساڵاچووە بەهۆی نەخۆشی تەنگەنەفەسیەوە کێشەی جوڵەی هەیە و هیوادارە کەسێک لەگەڵیدا بێت بۆ چاودێریکردن و چاوپێکەوتنی پزیشکی، وەک کچێکی خۆی مامەڵەی لەگەڵدا بکات.

بۆ هاندانی لایەنە ئارەزومەندەکان، ما رایگەیاند کە یەکێک لە شوقەکانی و کەلوپەلە تایبەت و بە نرخەکانی خۆی پێشکەش بە ئەو کەسە دەکات کە دەبێت بە کچی ئەمە جگە لە مووچەی مانگانەکەی کە نزیکەی ٤٢٠ دۆلارە هەروەها پاشەکەوتی ٥٦ هەزار دۆلار.

بەشێک لە خەڵکی ئارەزووی خۆیان بۆ ئەو کارە دەربڕیوە، لە کاتێکدا بەشێکی دیکەشیان نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بەوەی کە ما چۆن مامەڵە لەگەڵ کچە نوێیەکەیدا دەکات یان بۆ کچە راستەقینەکانی بەو جۆرە مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن.

پارێزەر شی جونچی پشتڕاستی کردەوە کە کچە گەورەکەی بە شێوەیەکی یاسایی پابەندە بە پشتگیریکردنی دایکی، ڕوونیکردەوە کە هەرکەسێک ڕازی بێت ببێتە "کچ"ی ما، پێویستە ڕێکەوتنێکی یاسایی واژۆ بکات کە ڕێکخستنەکانی پشتگیری و میراتی بۆ دیاری بکات.