بۆچی هەندێک کەس دوای خواردنی برنج تووشی ئازاری گەدە دەبن؟

AM:10:05:08/11/2025

1404 جار خوێندراوەتەوە

برنج یەکێکە لە خۆراکە بەربڵاوەکان لە جیهاندا، لە سەرانسەری کولتوورە جیاوازەکاندا بەکاردەهێنرێت، بەڵام هەندێک کەس دوای خواردنی تووشی ناڕەحەتی گەدە دەبن.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێک کە ماڵپەڕی "Everyday Health" بڵاویکردووەتەوە، هەستکردن بە ناڕەحەتی یان ئازار لە گەدەدا بەتایبەت دوای خواردنی برنج ڕەنگە پەیوەندی بە چەند هۆکارێکەوە هەبێت، هەندێک نیشانەیان کەم و کاتین، هەندێکی دیکەشیان پێویستیان بە چاودێری پزیشکی هەیە، بەتایبەتی ئەگەر دووبارە ببنەوە یان ڕشانەوە و سکچوونیان لەگەڵدا بێت.

هەرچەندە خودی برنج هۆکارێکی باوی کێشەی هەرس نییە، بەڵام شێوازی هەڵگرتن و کوڵاندنی، یان ئەو پێکهاتانەی بۆی زیاد دەکرێن دەتوانن هۆکاربن.

ژەهراویبوونی خۆراک یەکێکە لە هۆکارە باوەکانی ئازاری گەدە دوای خواردنی برنج، ئەم حاڵەتە کاتێک ڕوودەدات کە برنجی کوڵاو لە پلەی گەرمی ژووردا بۆ ماوەیەکی زۆر بەجێبهێڵرێت، ئەمەش ڕێگە بە بەکتریایەک دەدات کە پێی دەوترێت "Bacillus cereus" گەشە بکات و ژەهری بەرگری گەرمی بەرهەم بهێنێت، نیشانەکانی لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا دەردەکەون و بریتین لە سکچوون و ڕشانەوە و گرژبوونی گەدە.

شارەزایان ئامۆژگاری ئەوە دەکەن کە دوای کوڵاندنی برنج زیاتر لە دوو کاتژمێر لە دەرەوەی ساردکەرەوە بەجێی نەهێڵرێت هەروەها باشتر وایە پێش خواردن بە باشی گەرمی بکرێتەوە بۆ ئەوەی ئەگەری پیسبوون کەم ببێتەوە، زیاتر لە جارێکیش گەرم نەکرێتەوە.

هەرچەندە هەستیاری برنج دەگمەنە بەڵام ئەگەری هەیە و دەتوانێت ببێتە هۆی نیشانەکانی وەک گرژبوونی سک، ئاوسانی سک و هەندێکجار خوران یان ئاوسانی دەم، زۆرجار کێشەکە خودی برنجەکە نییە، بەڵکو ئەو پێکهاتانەی بۆی زیاد دەکرێن.

بەرگەنەگرتنی خۆراک جیاوازە لە هەستیاری، یەکەمیان لە کەمی ئەنزیمەکانی هەرسکردن یان کاردانەوەی زۆری کۆئەندامی هەرس بەرامبەر هەندێک پرۆتین سەرچاوە دەگرێت. ڕەنگە هەندێک کەس هەستیارییان هەبێت بە نیشاستە یان پرۆتینی ڕووەکی لە برنجدا، ئەمەش دەبێتە هۆی گرژبوون، ئاوسان یان غازات، لەم حاڵەتانەدا کێشەکە لە هەرسکردندایە نەک سیستەمی بەرگری جەستە و زۆرجار نیشانەکانی باشتر دەبن بە کەمکردنەوەی بڕی یان هەڵبژاردنی جۆرێکی جیاواز لە برنج.

پێویستە ڕاوێژ بە پزیشک بکەیت ئەگەر ئازارەکە زیاتر لە دوو ڕۆژ بەردەوام بوو، یان ئەگەر سکچوونی توند، وشکبوونەوەی جەستە و سەرگێژخواردنی لەگەڵدا بوو.

جێگەی باسە گەدەیەکی هەستیار بە ئاسانی کاریگەری پیسبوونی خۆراک یان تێکەڵکردنی خۆراکە چەورەکان و بەهاراتەکانی لەسەر دەردەکەون.

برنج خۆی بە گشتی خۆراکێکی سەلامەتە کاتێک بە باشی دەکوڵێت و هەڵدەگیرێت، بەڵام دووبارەبوونەوەی نیشانەکانی دوای خواردنی ڕەنگە ئاماژە بێت بۆ کێشەیەکی قووڵتری هەرس کە پێویستی بە دەستنیشانکردنی ورد هەیە.