باشترین کات بۆ خواردنەوەی قاوە کەیە؟

AM:08:53:06/11/2025

6752 جار خوێندراوەتەوە

لە توێژینەوەیەکی زانستی نوێدا ئاماژە بە سوودە ئەگەرییەکانی خواردنی قاوە لە کاتە دیاریکراوەکانی ڕۆژدا کراوە.

برایان جۆنسۆن، زانای بایۆلۆجی ئەمریکی لە توێژینەوەیەکیدا دەریخستووە کە خواردنی قاوە پەیوەندی هەیە بە کەمبوونەوەی مەترسی مردن بە ڕێژەی 16% و کەمبوونەوەی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان بە ڕێژەی 31%، بە بەراورد بەو کەسانەی کە قاوە ناخۆنەوە.

توێژینەوەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە کاتی خواردنەوەی قاوە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە بەدەستهێنانی سوودە تەندروستییەکانی.

جێگەی باسە دوای شیکردنەوەی داتایی 40,725 بەشداربوو دەرکەوتووە ئەو کەسانەی بەیانیان قاوەیان خواردووەتەوە ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی دڵ کەمتر بووە بە بەراورد بەو کەسانەی لە کاتەکانی دیکەی رۆژدا قاوەیان خواردووەتەوە.

دکتۆر لو کی، لێکۆڵەری سەرەکی توێژینەوەکە دەڵێت "ئەمە یەکەم توێژینەوەیە کە پەیوەندی نێوان کاتی خواردنەوەی قاوە و دەرئەنجامە تەندروستییەکان بپشکنێت" ئاماژەی بەوەشکردووە، " خواردنی کافاین لە نیوەڕۆ یان ئێواراندا دەتوانێت خەو و هۆرمۆنەکان تێکبدات، کە ئەگەری هەیە سوودە تەندروستییەکانی پێچەوانە بکاتەوە"

جەختی لەوەش کردەوە کە خەوی باش گرنگترین هەنگاوە بۆ تەندروستی و تەمەن درێژی،ئەوانەی بەیانیان قاوە دەخۆنەوە بەبێ ئەوەی کاریگەری لەسەر خەویان هەبێت، دەتوانن سوود لە سوودە تەندروستییەکانی کافاین وەربگرن، وەک باشتربوونی میتابۆلیزم، باشتر کارکردنی بۆرییەکانی خوێن و رۆیشتنی خوێن.

قاوە کافین و پۆلیفینۆلی تێدایە کە وەک دژە ئۆکسان کاردەکەن، یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی هەوکردن و پاراستنی خانەکانی مێشک، قاوە زیاتر لە ١٠٠جۆر پۆلیفینۆڵ لەخۆدەگرێت، ئەمەش میکانیزمێکی سروشتییە بۆ نەهێشتنی خانە زیانلێکەوتووەکانی جەستە.

جۆنسۆن لە کۆتاییدا دەڵێت "بۆ ئەوەی زۆرترین سوود لە قاوە وەربگریت، بەیانییان بیخۆرەوە و دوور بکەوەرەوە لە خواردنەوەی لە نیوەڕوان یان لەگەڵ شەکردا، چونکە ئەمە دەتوانێت سوودەکانی پێچەوانە بکاتەوە، کاتێک کافاین بە ژیری بەکاردەهێنیت دەبێتە هۆکارێک بۆ باشتربوونی تەندروستی" .