چی بەسەر جەستەتدا دێت کاتێک رۆژانە دوو بۆ چوار کوپ قاوە دەخۆیتەوە؟

AM:11:23:23/10/2025

11440 جار خوێندراوەتەوە

توێژینەوەیەکی زانستی ئەم دواییە ئاشکرایکردووە، رەنگە خواردنەوەی بەردەوامی قاوە نهێنی پاراستنی جەستە بێت.

توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری " European Journal of Clinical"دا بڵاوکراوەتەوە، دەرکەوتووە کە بە بەردەوامی خواردنەوەی دوو بۆ چوار قاوە لە رۆژێکدا پەیوەندی بە کەمبوونەوەی بەرچاوی مەترسییە تەندروستییەکانەوە هەیە.

توێژینەوەکە لە ماوەی حەوت ساڵدا لەسەر زیاتر ١١٠٠ کەس لەسەرووی تەمەنی ٥٥ ساڵیداوە ئەنجامدراوە، تەندروستییان بە بەکارهێنانی مۆدێلێکی یەکگرتوو هەڵسەنگێندراوە کە تیایدا تیشک خرایە سەر پێنج نیشاندەری سەرەکی وەک ماندوێتی درێژخایەن، خێرایی ڕۆیشتن، لاوازی ماسولکەکان، کەمبوونەوەی چالاکیی جەستەیی و دابەزاندنی کێش بەشێوەیەکی لەناکاو.

ئەنجامەکان ئەوەیان دەرخستووە ئەو کەسانەی کە بە بەردەوامی ڕۆژانە دوو بۆ چوار کوپ قاوە دەخۆنەوە تەندروستییان باشتر بووە، توێژەران هۆکاری ئەم سوودانە دەگەڕێننەوە بۆ کاریگەری ئەرێنی کافاین لە کەمکردنەوەی ماندوێتی و بەرزکردنەوەی وریایی و باشترکردنی کارایی ماسولکەکان.

بەڵام پسپۆڕانی تەندروستی هۆشداری دەدەن لەوەی زیادەڕۆیی لە خواردنەوەی قاوە کاریگەری لاوەکی لێدەکەوێتەوە، لەوانە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، زیادبوونی لێدانی دڵ، دڵەڕاوکێ، سکچوون، سەرئێشە، تێکچوونی خەو.

بەم ئەنجامانە، توێژینەوەکە دیدێکی نوێ پێشکەش دەکات سەبارەت بەو ڕۆڵەی کە قاوە دەتوانێت بیگێڕێت لە پاراستنی وزە لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا، لە هەمان کاتدا جەخت لەسەر گرنگی مامناوەندی و هەمەچەشنی لە سەرچاوە خۆراکیەکانی دیکەدا دەکاتەوە.