دڵخۆشی لە نەخۆشییەکانی دڵ و شێرپەنجە دەتپارێزێت

PM:02:58:22/10/2025

716 جار خوێندراوەتەوە

توێژینەوەیەک ئاشکرایکردووە، دڵخۆشی نەک تەنها ژیانت باشتر دەکات بەڵکو لە نەخۆشییە درێژخایەنە مەترسیدارەکانیش دەتپارێزێت.

لە ماڵپەڕی "The Independent" بڵاوکراوەتەوە، لە توێژینەوەیەکی سەرسوڕهێنەردا توێژەران پەیوەندییەکیان لە نێوان ئاستی دڵخۆشی مرۆڤ و کەمبوونەوەی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکاندا دۆزیوەتەوە.

ئاماژەیان بەوە کردووە کە دڵخۆشی و بەختەوەری مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و شێرپەنجە کەمدەکاتەوە.

هەرچەندە هۆکارە بۆماوەیی و ژینگەییەکان و شێوازی ژیان ڕۆڵیان هەیە لە دیاریکردنی مەترسییە تەندروستییەکان، بەڵام لێکۆڵینەوە نوێیەکان هۆکارێکی نوێ بۆ هاوکێشەکە زیاد دەکەن ئەویش ئاستی بەختەوەری کەسییە.

پرۆفیسۆر جولیا یوگا نوسەری سەرەکی توێژینەوەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە "بەختەوەری تەنها هەستێکی ئاسایی نییە، بەڵکو سەرچاوەیەکی پێوانەکراوە لە تەندروستی گشتیدا".

توێژەران داتای ١٢٣ وڵاتیان شیکردووەتەوە، ئەنجامەکان ئەوەیان دەرخستووە ئەو وڵاتانەی کە ئاستی بەختەوەرییان بەرزە رێژەی مردن بەهۆی نەخۆشییەکانەوە کەمتر بووە بە بەراورد بەو وڵاتانەی ئاستی بەختەوەریان نزم بووە.

هەرچەندە هێشتا لێکۆڵینەوە لەسەر میکانیزمە وردەکانی پشت ئەم پەیوەندییە دەکرێت، بەڵام شارەزایان باس لەوە دەکەن کە هەستکردن بە باشی و دڵخۆشی رەنگە هۆکارەکانی مەترسی نەخۆشییەکانی دڵ وەک بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و کۆلیسترۆڵ کەم بکاتەوە.

ئەم دۆزینەوانە پشتگیری لە توێژینەوەکانی پێشوو دەکەن کە دەریانخستووە ئەو کەسانەی خەمۆکییان هەیە ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی مێشک زیاترە هەروەها ئەم دۆزینەوانە ئاسۆیەکی نوێ بۆ تەندروستی گشتی دەکاتەوە، چونکە دەسەڵاتدارن دەتوانن ئاستی بەختەوەری بەرز بکەنەوە لە ڕێگەی سیاسەتێکی تایبەتەوە وەک بەهێزکردنی بەرنامەکانی خۆپاراستن لە قەڵەوی، سنووردارکردنی کهول، باشترکردنی کوالێتی هەوا، زیادکردنی خەرجییە تەندروستییەکان.