نەخواردنی گۆشتی سوور چی بەسەر جەستەتدا دێنێت؟

PM:02:03:19/10/2025

10444 جار خوێندراوەتەوە

گۆشتی سوور یەکێکە لە خواردنە گرنگ و بەتام و چێژەکان کە زۆر کەس ئارەزووی دەکات، بەڵام ئایا نەخواردنی گۆشتی سوور چی بەسەر جەستەتدا دێنێت؟ کاریگەرییەکانی چین؟

لە ماڵپەڕی " webmd" بڵاوکراوەتەوە، پسپۆران باس لەوە دەکەن ئەگەر واز لە خواردنی گۆشتی سوور بهێنیت ئەوا چەند سوودێکی دەبێت وەک کەمبوونەوەی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ ، جۆری دووەمی شەکرە، کەمبوونەوەی کۆلیسترۆڵ و دابەزاندنی کێش بەڵام پێویستە ئەو ماددە خۆراکیانەی کە لە گۆشتی سووردا هەن وەک ڤیتامین B12 و ئاسن لە سەرچاوەی دیکەوە وەریبگریت بۆ ئەوەی تووشی ماندوێتی، لاوازی، یان کێشەی دەمار نەبێت.

نەخواردنی گۆشتی سوور دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی مەترسی تووشبوون بە هەندێک نەخۆشی درێژخایەن و باشترکردنی تەندروستی دڵ و ڕیخۆڵە بەڵام ئەگەر ئەو ماددە خۆراکیانە وەرنەگریت کە لە گۆشتی سووردا هەن ڕووبەڕووی کەمی ئاسن و ڤیتامینB12 و زینک دەبیتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ماندوێتی و چەندین کێشەی دیکە.

کاتێک واز لە خواردنی گۆشت دێنیت چی بەسەر جەستەتدا دێت؟

- سوودە تەندروستییە ئەگەرییەکانی :

١. کەمبوونەوەی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ.

٢. کەمبوونەوەی ئاستی کۆلیسترۆڵی خراپ.

٣. مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجەی کۆڵۆن و ڕیخۆڵە کەمدەکاتەوە.

٤. دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە دابەزاندنی کێش و پاراستنی.

٥. باشتربوونی تەندروستی ڕیخۆڵە.

٦. کەمبوونەوەی هەوکردن.

- مەترسی و کاریگەرییە لاوەکییەکانی:

١. کەمی ماددە خۆراکیەکان، گۆشتی سوور سەرچاوەیەکی سەرەکی ئاسن و ڤیتامین B12 و زینکە کە هەموو ئەمانە پێویستن بۆ تەندروستی جەستە.

٢. گۆڕانی سەرەتایی لە ئاستی وزەدا، گۆشتی سوور ماددەی ئاسنی زۆر تێدایە، کە یارمەتی گەیاندنی ئۆکسجین دەدات لە خوێندا، ئەگەر لەناکاو واز لە خواردنی گۆشتی سوور بهێنیت، لەوانەیە هەست بە دابەزینی کاتی وزە بکەیت تاوەکو جەستەت خۆی لەگەڵ سەرچاوە نوێیەکانی ئاسن دەگونجێنێت.

٣. گۆڕانکاری لە هەرسکردندا لەکاتی گۆڕینی گۆشتی سوور بە خۆراکی ڕووەکی کە ڕیشاڵی زیاترە، لەوانەیە سەرەتا تووشی ئاوسان یان گرژبوون بیت.

٤. خواردنی ناتەواوی پرۆتین دەبێتە هۆی لەدەستدانی بارستەی ماسولکەکان.

بەشێوەیەکی گشتی پسپۆرانی بواری خۆراک جەخت لەوە دەکەنەوە کە خۆراکی هاوسەنگ کلیلی تەندروستییەکی باشە، پێویستە گۆشت بە رێژەیەکی مامناوەند بخورێت بۆ ئەوای سوود لە ماددە خۆراکییەکانی وەربگریت و بە دوور بیت لە زیانەکانی.