ریحانە تەندروستی دڵ و خوێنبەرەکان باشتر دەکات

PM:05:29:15/10/2025

808 جار خوێندراوەتەوە

ریحانە رووەکێکی گیایی بۆنخۆشە سوودێکی تەندروستی زۆری هەیە، چەندین ماددەی خۆراکی گرنگی تێدایە بۆ جەستە، بە رووەکێکی نایاب و سەرسوڕهێنەر ناسراوە.

لە راپۆرتێکی ماڵپەڕی پزیشکی "Eating Well" دا باس لەوە کراوە ریحانە سوودێکی زۆری هەیە بۆ ئەو نەخۆشانەی کە پەستانی خوێن و شەکرەیان بەرزە.

ریحانە کاریگەری ئەرێنی لەسەر شەکری خوێن هەیە، بەو پێیەی کاردەکات بۆ کەمکردنەوەی ئاستی بەرزی شەکرەکە ئەمەش لەبەرئەوەی دژە ئۆکسانی تەندروست لەخۆدەگرێت کە هەوکردن لە جەستەدا بەگشتی کەمدەکاتەوە.

تەندروستی دڵ و خوێنبەرەکانیش بەرز دەکاتەوە و رۆیشتنی خوێن لە بۆرییەکاندا باشتر دەکات، بەمەش سوود بەو نەخۆشانە دەگەیەنێت کە پەستانی خوێنیان بەرزە ، بەرزترین ئاست و تێکچوونی چاوەڕوانکراو کەمدەکاتەوە.

هەروەها ئەو کەسانەی بەرگری جەستەیان کەمە پێویستە ریحانە بخۆن بۆ ئەوەی تەندروستی و بەرگری جەستەیان بەگشتی باشتر بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا توانای بیرکردنەوە و هزری باشتر دەکات.

توێژینەوەکان دەریانخستووە کە مرۆڤ لە شێرپەنجە دەپارێزێت و مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی کەمدەکاتەوە، ئەمە جگە لەوەی لە کێشەکانی بینین و ئاوی سپی چاو دەمانپارێزێت، ریحانە ماددە و ڤیتامینە جیاوازەکانی تێدایە کە توانای کەمکردنەوەی توندی هەوکردنیان هەیە.