توێژەران پێشنیاری خواردنی بیبەری توون لە کاتی ژەمەکاندا دەکەن

PM:02:55:05/10/2025

6904 جار خوێندراوەتەوە

توێژینەوەیەکی ئەمریکی ئاشکرایکردووە زیادکردنی بڕێکی مامناوەندی بیبەری توون ڕێگەیەکی کاریگەرە بۆ کەمکردنەوەی بڕی خواردن، بەمەش وەرگرتنی کالۆری سنووردار دەبێت.

بەگوێرەی ئەو لێکۆڵینەوەیە کە لەلایەن تیمێکی لێکۆڵینەوە لە زانکۆی پێنسیلڤانیا ئەنجامدراوە، توێژەران بۆیان دەرکەوتووە بیبەری توون و بەهاراتەکانی هاوشێوەی کاریگەرییان لەسەر بڕی خواردن لە هەر ژەمێکدا هەیە.

لێکۆڵینەوەکە لە گۆڤاری زانستی "Food Quality and Preference" بڵاوکراوەتەوە کە تایبەتە بە زانستە خۆراکییەکان، پشتڕاستی کردووەتەوە کە ژەمە بەهاراتییەکان دەبنە هۆی کەمکردنەوەی ڕێژەی خواردن و ئەو کالۆریانەی کە دەیخۆن.

پەیج کانینگهام، توێژەری سەرەکی توێژینەوەکە رایگەیاند " دەزانین کاتێک مرۆڤەکان بە هێواشی نان دەخۆن، کەمتر دەخۆن، خواردنە توون بەهاراتییەکان وا لە مرۆڤەکان دەکەن بە هێواشی نان بخۆن ئێمەش تاقیکردنەوەیەکی زانستیمان ئەنجامدا بۆ سەلماندنی زیاتری ئەم گریمانەیە".

لە تاقیکردنەوەکاندا دەرکەوتووە کە زیادکردنی بڕی خۆراکی بەهارات و بیبەری توون کاریگەری لەسەر خێرایی خواردنی ژەمەکە هەبووە، ئەمەش بڕی خۆراک و کالۆری کەمدەکاتەوە.

کانینگهام ڕوونیشیکردەوە، بەشداربووانی تاقیکردنەوەکە خواردنە توونەکانیان بە هێواشی خواردووە ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی زوو هەست بە تێربوون بکەن و کەمتر نان بخۆن.

توێژەر جۆن هایس، مامۆستای زانستە خۆراکیەکان و یەکێک لە هاوکارانی توێژینەوەکە، پشتڕاستیکردەوە و رایگەیاند " پێشنیار دەکەین بینەری توون لە ژەمەکاندا بخۆن وەک ستراتیژییەک بەکاربهێنرێت بۆ کەمکردنەوەی کێشەی زیادەڕۆیی لە خواردن"