گۆرانیبێژ و ئەکتەری ئەمریکی
سێلینا گۆمێز لەم دواییانەدا ئاشکرای کرد کە هەوکردنی جومگەکانی لە دەستەکانیدا هەیە
لە ئەنجامی نەخۆشی لوپسەوە تووشی بووە.
نەخۆشی لوپس نەخۆشییەکە کە سیستەمی بەرگری جەستە
هێرش دەکاتە سەر شانە و ئەندامەکانی خۆی، هیچ چارەسەرێکی
هەمیشەیی بۆ ئەم نەخۆشییە نییە ، تەنها چارەسەرەکان یارمەتیدەر دەبن لە
کۆنتڕۆڵکردنی نیشانەکان.
بە گوتەی دکتۆر ئێرین
بلانکۆ لە زانکۆی نۆرس وێستەرن، نەخۆشانی لوپوس دژەتەن بەرهەم دەهێنن کە هێرش دەکەنە
سەر شانەکانی جومگەکان یان کۆکراوەی بەرگری دروست دەکەن کە لە جومگەکاندا دەنیشنەوە
و دەبێتە هۆی ئاوسانی جومگەکان و ڕەقبوون و ئازار.
جێگەی باسە هەوکردنی
جومگەکان یەکێکە لە نیشانە باوەکان لەنێو نەخۆشانی لوپسدا، ئەو پزیشکە ئەوەشی
راگەیاند ٩٠%ی ئەو کەسانەی تووشی نەخۆشی لوپس بوون، لە کاتی بەرەوپێشچوونی نەخۆشییەکەدا
تووشی ئازاری جومگەکان یان هەوکردنی جومگەکان بوون، هەرچەندە هەوکردنی جومگەکانی
لوپس بەزۆری نابێتە هۆی تێکچوونی هەمیشەیی جومگەکان وەک هەوکردنی جومگەی ڕۆماتیزم،
بەڵام ئەگەر بە باشی چارەسەر نەکرێت دەتوانێت لاوازکەر بێت.
سێلینا گۆمێز لە میانی
دەرکەوتنێکیدا لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢٥ لە پۆدکاستەکەی ئیمی پۆهلەر گود هانگ، ئاشکرا
کرد پێش ئەوەی دەست بە وەرگرتنی چارەسەر و
دەرمان بکات رووبەرووی ئازارێکی زۆر بووەتەوە کە تەنانەت کارە سادەکانیش وەک کردنەوەی
بتڵی ئاو نەیدەتوانی ئەنجامی بدات.
ئەو هونەرمەندە باسیشی
لەوە کرد کە نەخۆشی لوپس تووشی چەندین کێشەی دیکەی
تەندروستی کردووە وەک:
- چاندنی گورچیلە، دوای ئەوەی نەخۆشییەکە زیانێکی زۆری بە
گورچیلەکانی گەیاندووە، گۆمێز لە ساڵی ٢٠١٧ لەلایەن هاوڕێکەی فرانسیا ڕایسا چاندنی
گورچیلەی بۆ ئەنجامدرا.
- کێشەی منداڵبوون، لە
چاوپێکەوتنێکیدا لە ئەیلوولی ٢٠٢٤دا ئاشکرای کرد کە کێشە پزیشکییەکانی پەیوەست بە
لوپسەوە وای کردووە کە نەتوانێت منداڵی ببێت.
- ململانێی تەندروستی
دەروونی، گۆمێز ڕاشکاوانە باسی لە مامەڵەکردن لەگەڵ دڵەڕاوکێ و خەمۆکی و نەخۆشی
دوو جەمسەری کردووە، کە هەموو ئەمانە پەیوەندییان بە لوپس و چارەسەرەکانییەوە هەیە.
- هەڵاوسانی کێش، دەرمان
بۆ حاڵەتەکەی وایکردووە کێشی بگۆڕێت، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی لەڕێگەی تۆڕە
کۆمەڵایەتییەکانەوە کۆمێنتی نەرێنی بۆ بنێرن کە کاریگەری نەرێنی لەسەر دروونی
دروست کردووە.
- SIBO (گەشەی زۆری بەکتریاکانی ڕیخۆڵە
باریکە)، لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤ گۆمێز ئاشکرای کرد کە ئەم کێشەیەی گەدە و ڕیخۆڵەی هەیە
کە دەبێتە هۆی ئاوسانی گەدەی.