دیزاینەری
ناسراوی کورد لارا دزەیی، بەشداری لە گرنگترین هەفتە نمایشەکانی ئەوروپا دەکات و نوێترین
دیزاینی جلوبەرگی کوردی لە هەفتەی نمایشی جلوبەرگی میلان لە ئیتاڵیادا نمایش دەکات.
لە ٢٧ی ئەیلولی ئەمساڵدا هەفتەی نمایشی جلوبەرگی میلان لە
ئیتاڵیا بەڕێوەدەچێت و خانمە دیزاینەری کورد لارا
دزەیی نوێترین کۆلێکشنی خۆی بەناوی "Milan Enchanted" پێشکەش دەکات کە لە ٣٠ دیزاینی جلوبەرگی کوردی خانمان پێکهاتووە.
ئەو خانمە دیزاینەرە ئاماژەی بەوە کردووە کە زۆر دڵخۆشە بەم نمایشە و
رایگەیاند " دوو ساڵ پێش ئێستا نمایشێکم لە پاریس ڕێکخست، ئێستاش نمایشی دووەمم لە
میلان دەکەم، ٣٠ دیزاینی جلی کوردی زۆر جیاواز و بەهێز و ڕەنگاوڕەنگ و مۆدێرن و
کولتووریم تێکەڵ کردووە بۆ ئەوەی نمایشێک دروست بکەم کە پێشتر نەبینراوە، بۆ یەکەمجارە
لەم نمایشەدا پێشکەشیان دەکەم"
باسیشی لەوە کرد کە لە مانگی یانزەی ساڵی ڕابردووەوە
کار لەسەر ئەم دیزاینانە دەکەم، ماوەی هەشت مانگە سەرنجم لەسەر ئامادەکاری و ڕێکخستنی
ئەم بۆنەیە بووە.
لارا دزەیی، کچی هونەرمەندی بەناوبانگ هۆمەر دزەییە،
لە وڵاتی نەمسا لەدایک بووە، خاوەنی بڕوانامەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە،زمانی
ئینگلیزی، کوردی، فارسی، عەرەبی و ئەڵمانی دەزانێت، بەرنامەکانی
لە چەندین گۆڤاری نێودەوڵەتیدا ڕووماڵکراون، لارا دزەیی ماوەی سێ ساڵە لە بواری مۆدەدا
چالاکە و بە خێرایی ناوبانگێکی زۆری بەدەستهێناوە.