پێش شەکرە، حاڵەتێکە کە ئاستی شەکری خوێن لە سەرووی
ئاساییەوە بێت، بەڵام هێشتا نەخۆشی شەکرە نییە، ئەم حاڵەتە بە نیشانەیەکی
ئاگادارکردنەوە دادەنرێت، یان پێشەنگێک بۆ نەخۆشی شەکرە، بەڵام بەزۆری دەتوانرێت لە
ڕێگەی گۆڕینی شێوازی ژیانەوە چارەسەر بکرێت.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی "The Times of India"
دەستێوەردانی پێشوەختە دەتوانێت یارمەتی جەستە بدات بۆ باشترکردنی کارکردنی ئەنسۆلین
و پاراستنی هاوسەنگی شەکری خوێن.
پسپۆران ئاماژەیان بە چەند ڕێگایەکی کاریگەر کردووە
بۆ چارەسەرکردنی پێش نەخۆشی شەکرە ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ پێچەوانەکردنەوەی
نیشانەکانی لە ماوەی سێ مانگدا.
کۆنتڕۆڵکردنی شەکری خوێن زۆر پشت بە خواردنی خۆراکە
گونجاوەکان دەبەستێت، پێویستە خۆراکەکانیان لەسەر بنەمای خۆراکە سروشتییەکان بنیات
بنێن نەک خۆراکە ئامادەکراوەکان، خۆراکی هاوسەنگ دەبێت بڕێکی زۆر سەوزە و میوە لەخۆبگرێت،
لەگەڵ دانەوێڵەی تەواو، ماسی ، مریشک، گوێز، زەیتی وەک چەوری تەندروست.
جەستە لە ئەنجامی خواردنەوە شەکردارەکان و شیرینیەکان و نانی سپی و کاربۆهیدراتی
پاڵاوتەدا بە خێرایی بەرزبوونەوەی شەکری خوێن روودەدات، خواردنی ژەمە هاوسەنگەکان بە
درێژایی ڕۆژ یارمەتیدەرە بۆ پاراستنی ئاستی شەکری خوێن بە جێگیری، جەستە دەتوانێت
شەکری زیادە لەناو ببات بە خواردنەوەی ئاوی پێویست، ئەم شێوازە خۆراکییە هەستیاری ئەنسۆلین بەرز دەکاتەوە،
خانەکان دەتوانن شەکر هەڵبمژن بۆ وزە.
وەرزشکردن کارکردنی ئەنسۆلین باشتر دەکات و لە
هەمان کاتدا ئاستی شەکر لە خوێندا کەمدەکاتەوە، پێویستە خەڵک بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ لە هەفتەیەکدا
لانیکەم ٣٠ خولەک بەشداری ڕاهێنانەکانی وەک ڕۆیشتن بە خێرایی، پاسکیلسواری، یان مەلەکردن
بکەن.
چالاکیی جەستەیی بەردەوام و وەرزشکردن یارمەتی
جەستە دەدات گلوکۆز بسوتێنێت لە هەمان کاتدا وەڵامی ماسولکەکان بۆ ئەنسۆلین بەرز دەکاتەوە،
بەرگری ئەنسۆلین کەمدەکاتەوە.
هەروەها وەرزشکردن یارمەتی کۆنترۆڵکردنی ئاستی
شەکری خوێن دەدات و یارمەتی دابەزاندنی کێش دەدات و تەندروستی دڵ و خوێنبەرەکان دەپارێزێت،
کۆمەڵەی شەکرەی ئەمریکی ئاماژە بەوە دەکات کە وەرزشکردن بۆ ماوەی ١٥٠ خولەک لە هەفتەیەکدا
یارمەتی ئەو کەسانە دەدات کە پێش نەخۆشی شەکرەیان هەیە بۆ پێچەوانەکردنەوەی بارودۆخەکەیان
و ڕێگریکردن لە تووشبوون بە نەخۆشی شەکرەی جۆری دووەم.
زیادبوونی چەوری جەستە بەتایبەتی دەوروبەری سک ڕێگری
دەکات لە کارکردنی ئەنسۆلین بە باشی، دابەزاندنی ٥-٧%ی کۆی کێشی جەستەت بە شێوەیەکی
بەرچاو کۆنترۆڵکردنی شەکری خوێن باشتر دەکات، هەروەها کەمکردنەوەی چەوری جگەر و
ماسولکەکان لە ڕێگەی دابەزاندنی کێشەوە کارکردنی ئەنسۆلین باشتر دەکات،جەستە زیاتر
هەستیار دەبێت بەرامبەر بە ئەنسۆلین کاتێک خانەکان زیاتر وەڵامدەرەوە دەبن، ئەمەش
دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی گلوکۆزی خوێن.
ئاستی شەکری خوێن بەرز دەبێتەوە بەهۆی دەردانی
هۆرمۆنی "سترێس"ی کۆرتیزۆڵ کە بەرپەرچی بەرگری ئەنسۆلین دەداتەوە، تەکنیکەکانی
بەڕێوەبردنی فشاری دەروونی وەک مێدیتەیشن و هەناسەدانی قووڵ و یۆگا یارمەتی کۆنترۆڵکردنی
ئاستی فشاری دەروونی دەدەن، کە ئەمەش لە بەرامبەردا ئاستی شەکری خوێن دادەبەزێنێت.
هەروەها هەموو شەوێک خەوی باش پێویستە چونکە کەمی
پشوودان وا دەکات جەستەیان کەمتر هەستیار بێت بەرامبەر بە ئەنسۆلین، ئەگەر کێشەی خەوتنت
هەبوو یان گومانت لە وەستانی هەناسەدان لە کاتی خەودا هەبوو ڕاوێژ بە پزیشکەکەت بکە.
بەڕێوەبردنی فشار و کێشەکانی خەو دەتوانێت یارمەتیت
بدات بە خێرایی لە نەخۆشی پێش شەکرە چاک ببیتەوە، چونکە ئەم هۆکارانە کاریگەرییان
لەسەر ڕێکخستنی هۆرمۆنەکانی شەکری خوێن هەیە.
بە هاوکاری پزیشکەکەت دەتوانیت چاودێری ئاستی شەکری
خوێن بکەیت بۆ هەڵسەنگاندنی پێشکەوتنەکانت و گۆڕانکاری پێویست لە پلانی چارەسەرکردنەکەتدا.
پسپۆڕی خۆراک یارمەتیت دەدات بۆ داڕشتنی پلانێکی
کەسی و پشتگیری بەردەوام پێشکەش دەکات بە پشتبەستن بە بارودۆخی تەندروستیت، جێگەی
باسە لەوانەیە پزیشکەکان دەرمان بنووسن بۆ بەرزکردنەوەی هەستیاری ئەنسۆلین کاتێک گۆڕانکاری
لە شێوازی ژیاندا شکست دەهێنێت لە بەدەستهێنانی ئەنجام.