هونەرمەند شیرین عەبدولوەهاب ڕەوانەی دادگا دەکرێت

AM:11:58:19/09/2025

4676 جار خوێندراوەتەوە

دەسەڵاتدارانی لێکۆڵینەوەی میسر، گۆرانیبێژ شیرین عەبدولوەهابیان ڕەوانەی دادگای قاهیرە کرد بە تۆمەتی ناوزڕاندن و ناشرینکردنی بەڕێوبەری هەژمارەکانی.

داواکاری گشتی لە شێخ زەید لە پارێزگای جیزە، ڕۆژی ٩ی دەیان وەک وادەی دادگاییکردنی شیرین عەبدولوەهاب بە تۆمەتی ناوزڕاندن و ناشرینکردنی بەڕێوبەری هەژمارەکانی دیاریکردووە، ئەمەش دوای ناکۆکی نێوانیان لەسەر وشەی نهێنی هەژمارەکانی.

جێگەی باسە کێشەکە لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا دروستبوو، هونەرمەند شیرین عەبدولوەهاب سکاڵای فەرمی لە بنکەی پۆلیس تۆمارکرد لە دژی کارگێڕی هەژمارەکانی سۆشیال میدیاکانی، بەڕێوبەری هەژمارەکانی خۆی تۆمەتبار کردووە بەوەی دەستی بەسەر وشەی نهێنی هەژمارە فەرمییەکانیدا گرتووە و پارەی لێ وەرگرتووە لە بەرامبەر کۆنتڕۆڵکردنەوەیان.

پارێزەرەکەی شیرین لە سکاڵاکەدا ئاماژەی بەوە کردووە کە کۆنترۆڵی تەواوی هەژمارەکانی لەدەستداوە، ئەمەش وای لێکردووە پەنا بۆ ڕێکاری یاسایی ببات بۆ وەرگرتنەوەی مافەکانی، بەتایبەتی دوای ئەوەی بەڕێوەبەری هەژمارەکەی ڕەتیکردەوە زانیارییەکانی چوونەژوورەوەی ڕادەست بکات و داوای قەرەبووی دارایی کردووە.

دواتر بەڕێوەبەری پەیجەکانی شیرین عەبدلوەهاب سکاڵای فەرمی تۆمار کرد و گۆرانیبێژەکەی بە ناوزڕاندن و بوختان کردن تۆمەتبار کرد.

لە سکاڵاکەیدا ڕوونیکردەوە کە ناکۆکی لە نێوان خۆی و شیرین لەسەر وشەی نهێنی هەژمارەکانی دروستبووە، ئاماژەی بەوەشکردووە، مامەڵەی خراپی لەگەڵ کراوە و هەڕەشەی ڕاستەوخۆی لەلایەن ئەوەوە لێ کراوە، بۆیە پەنای بۆ بەرپرسانی ئەمنی بردووە بۆ ئەوەی داوای مافەکانی بکات و ڕێکاری یاسایی پێویست بگرێتەبەر.