٢٠ خولەک پیاسەکردن یارمەتی باشترکردنی تەندروستی دڵ دەدات

AM:08:37:14/09/2025

1060 جار خوێندراوەتەوە

لە سەردەمێکدا کە لەشجوانی بووەتە پیشەسازییەکی گەورە لەسەر بنەمای بەشداریکردنی گرانبەهای هۆڵی وەرزش و ئامێرە مۆدێرنەکان و بەرنامەی ڕاهێنانی چڕ، ڕاپۆرتێکی زانستی بابەتەکە سادەتر دەکات و دەمانگەڕێنێتەوە بۆ بنەماکانی خوو تەندروستەکان کە پێویستیان بە تێچوون نییە.

بەگوێرەی ماڵپەڕی "Times Nowپزیشکەکان پشتڕاستیان کردووەتەوە کە پیاسەیەکی سادەی ڕۆژانە، تەنانەت بۆ ماوەی تەنها ٢٠خولەکیش دەتوانێت کاریگەری زیاتری هەبێت لە سەردانی بەردەوام بۆ هۆڵی وەرزشی لە پاراستن و باشترکردنی تەندروستی دڵ.

ڕۆیشتن، وەک خوویەکی ئاسایی ڕۆژانە، ڕەنگە لە سەرەتادا وەک چالاکیەکی سادە دەرکەوێت بەڵام کاریگەرییە کەڵەکەبووەکانی بە تێپەڕبوونی کات سەرسوڕهێنەرە، پیاسەکردن یارمەتی بەهێزکردنی ماسولکەکانی دڵ، باشترکردنی سوڕی خوێن، دابەزاندنی پەستانی خوێن ، کەمکردنەوەی ئاستی کۆلیسترۆڵی زیانبەخش دەدات، هەموو ئەمانە هۆکاری گرنگن بۆ ڕێگریکردن لە نەخۆشییە درێژخایەنەکانی دڵ.

شارەزایان ئاماژەیان بەوە کردووە کە پیاسەکردن تەنها لە سوودە جەستەییەکانیدا سنووردار نییە، کاریگەرییەکانی درێژدەبێتەوە بۆ تەندروستی دەروونی، فشار و دڵەڕاوکێ کەمدەکاتەوە ، یارمەتی دەردانی هۆرمۆنە دڵخۆشکەرەکان دەدات، ئەمەش ڕەنگدانەوەی لەسەر باری دەروونی گشتی و هەستکردن بە باشی هەیە هەروەها جێگیرکردنی ڕۆیشتن لە ڕۆتینی ڕۆژانەتدا وزەی زیاترت پێدەبەخشێت بۆ ئەوەی یارمەتیت بدات بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانت لە ژیانی پیشەیی و کەسیدا.

لەلایەکی دیکەوە پزیشکەکان ڕوونیان کردەوە کە هۆڵەکانی لەشجوانی دەتوانن سوودبەخش بن بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت ماسولکەکان دروست بکەن یان بەرنامەی ڕاهێنانی چڕ پەیڕەو بکەن، بەڵام زۆرجار ئاستەنگێکی دەروونی و دارایی بۆ کەسانی سەرەتایی دروست دەکەن یان رەنگە ژینگەکەش بۆ هەموو کەسێک گونجاو نەبێت، لە بەرامبەردا پیاسەکردن بە تەواوی ئازادە، بۆ هەمووان دەستیان پێدەگات و دەتوانرێت لە هەر شوێنێک و لە هەر کاتێکدا و بەبێ ئامێری تایبەت مەشقی پێبکرێت.

جەخت لەوە کراوەتەوەتەندروستی دڵ پێویست ناکات هەنگاوی ئاڵۆز بنێت، پێویستی بە خووی بچووک و سادە هەیە کە ڕۆژانە پابەند دەبیت پێیەوە، تەنانەت ٢٠ خولەک ڕۆیشتن دەتوانێت کلیلی ژیانێکی درێژتر و تەندروستتر و بەختەوەرتر بێت، ئەمەش ئەم هەنگاوە سادەیە دەکاتە وەبەرهێنانێکی ڕاستەقینە لە داهاتوودا.