ئەو گەورەساڵانەی کە
درەنگ نانی بەیانی دەخۆن زیاتر تووشی کێشەی تەندروستی دەبن و ئەگەری مردنی پێشوەختەیان
زیاترە.
بەپێی هەواڵێکی
ماڵپەڕی "Newsweek"، لێکۆڵینەوەیەکی نوێ دەریخستووە، ئەو کەسە بەتەمەنانەی درەنگ
نانی بەیانی دەخۆن، زیاتر تووشی کێشەی تەندروستی دەبن، لەوانە خەمۆکی و ماندوێتی،
تەنانەت ئەگەری مردنی پێشوەختەیان زیاتر دەبێت.
توێژینەوەکە نزیکەی سێ
هەزار بەشداربووی لەخۆگرتووە کە تەمەنیان لە نێوان ٤٢ بۆ ٩٤ ساڵدایە بووە، بۆ ماوەی
دوو دەیە بەدواداچوونیان بۆ کراوە، توێژەران کاتی ژەمەکانیان و هۆکارەکانی شێوازی
ژیانیان و نمونەی خوێن و دەرئەنجامە تەندروستییە گشتییەکانیان شیکردووەتەوە.
توێژەران بۆیان دەرکەوتووە
لەگەڵ زیادبوونی تەمەن، کاتەکانی ژەمەکان درەنگتر دەبن، بەتایبەتی بۆ نانی بەیانی،
ئەمەش کاریگەری لەسەر کاتی ژەمەکانی دیکە هەیە، ئەنجامەکان دەریانخستووە ئەو کەسانەی
نانی بەیانیان دوادەخەن، ئەگەری مردنیان زیاترە،
نووسەری سەرەکی توێژینەوەکە
دەڵێت: "ئەم دۆزینەوانە مانای نوێ بۆ ئەو وتەیە زیاد دەکەن کە 'ژەمی بەیانیان
گرنگترین ژەمی ڕۆژە'، بەتایبەتی بۆ کەسانی بەساڵاچوو".
ئاماژەی بەوەشکردووە،
دواکەوتنی کاتی ژەمەکان بەتایبەتی نانی بەیانی پەیوەندی بە ئاستەنگی تەندروستی و زیادبوونی
مەترسی مردنەوە هەیە.
هەروەها لە توێژینەوەکەدا
دەرکەوتووە کە هۆکارە بۆماوەییەکان و شێوازی ژیان ڕۆڵیان هەیە، ئەو کەسانەی مەیلیان
هەیە درەنگ هەڵسن لە خەو، هەروەها ئەو کەسانەی بەدەست خراپی خەو یان کێشەی ئامادەکردنی
ژەمەکانەوە دەناڵێنن، ئەگەری درەنگ نانخواردنیان زیاتر بووە.
تیمەکە ئامۆژگاری خەڵکیان
کردووە کە ڕۆژەکەیان بە ژەمێکی سووک و دەوڵەمەند بە ماددە خۆراکیەکان دەستپێبکەن و
دەڵێن ئەمە ئاستی تەندروستی و وزەیان بەرز دەکاتەوە، هەستکردن بە ماندوێتی کەمدەکاتەوە.