ئەناناس یەکێکە لە میوە تایبەتەکان لە سەرانسەری
جیهاندا. دەوڵەمەندە بە ڤیتامین سی و مەنگەنیز و دژە ئۆکسێنەر و ڕیشاڵ و ئەنزیمەکانی
هەرس، هەروەها چەندین سوودی تەندروستی پێشکەش دەکات، لەوانە بەهێزکردنی سیستمی بەرگری
جەستە پشتگیریکردنی تەندروستی دڵ و یارمەتیدانی هەرسکردن و کەمکردنەوەی هەوکردن.
لە ڕاپۆرتێکدا کە ڕۆژنامەی "Times of India " بڵاویکردووەتەوە ئاشکرایکردووە، ڕەنگە ئەناناس بۆ هەموو کەسێک نەگونجێت،
ئەوەش بەهۆی هەندێک پێکهاتەی تێدایە، وەک برۆمێلین و ترشە ئۆرگانیکەکان و شەکرە
سروشتیەکان کە دەبنە هۆی کاردانەوەی نەرێنی لە هەندێکیاندا، کاردانەوە نەرێنییەکان
بریتین لە تێکچوونی گەدە و ڕیخۆڵە، کاردانەوەی هەستیاری یان خوران.
شارەزایان ئامۆژگاری هەندێک گروپ دەکەن کە خۆیان
لە خواردنی ئەناناس بەدوور بگرن یان سنووردار بکەن، بەم شێوەیەی خوارەوە:
١. ئەوانەی هەستیارییان هەیە:
بە شێوەیەکی گشتی نیشانەکانی لە ماوەی ١٥ خولەکدا
دوای خواردنی ئەناناس دەردەکەون، ئەو کەسانەی هەستیارییان هەیە بە توندی ئامۆژگاری
دەکرێن کە بە تەواوی خۆیان لە ئەناناس بەدوور بگرن یان پێش خواردنی تەنانەت بڕێکی
کەمیش ڕاوێژ بە پزیشک بکەن.
٢. توشبووانی شەکرە:
ئەناناس ڕێژەیەکی بەرزی شەکری تێدایە بە تایبەتی
فرۆکتۆز کە دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی شەکر لە خوێندا. تووشبووانی شەکرە کە بڕێکی
زۆر ئەناناس دەخۆن لەوانەیە تووشی بەرزبوونەوەی لەناکاوی شەکری خوێن بن.
٣. تووشبووانی بەرزی پەستانی خوێن:
زۆر خواردنی ئەناناس دەتوانێت کاریگەری لەسەر ڕێکخستنی
پەستانی خوێن هەبێت، هەندێک کەس ئەگەری هەیە تووشی ئەمانە بن سووربوونەوەی دەموچاو،
سەرئێشە و سەرگێژخواردن، ئەو کەسانەی پەستانی خوێنیان بەرزە پێویستە بە ڕێژەیەکی
مامناوەند و لەژێر چاودێری پزیشکیدا ئەناناس بخۆن.
٤. نەخۆشانی دەم و ددان:
سروشتی ترشی ئەناناس لەگەڵ ئەنزیمەکانی وەک برۆمیلین
دەبێتە هۆی سڕبوونی زمان و قوڕگ، خورانی پووک، مەترسی لەسەر مینای ددان دروست دەکات،
هەوکردنی پووک بە تایبەت لە کاتی زیادەڕۆیی لە خواردنیدا.
٥. نەخۆشانی گەدە و ڕیخۆڵە:
دەبێتە هۆی خورانی گەدە و ڕیخۆڵەکان، ئەو کەسانەی
کە هەوکردنی گەدە، برینی گەدە، یان نەخۆشی گەڕانەوەی گەدە و سورێنچکیان هەیە لەوانەیە
تووشی سکچوون ، ناڕەحەتی گەدە یان دڵەکزێ
بن.