شەربەتی هەنار بەهۆی تامە تایبەتەکەی و ڕێژەی دەوڵەمەندی
ماددە خۆراکیەکانیەوە، ناوبانگێکی زۆری بەدەستهێناوە وەک خواردنەوەیەکی تەندروست.
لە ماڵپەڕی "eremnews"
بڵاوکراوەتەوە، بەگوتەی پسپۆڕانی تەندروستی، شەربەتی هەنار دەوڵەمەندە بە دژە ئۆکسێنەر
و ڤیتامین و پێکهاتەی ڕووەکی کە پاڵپشتی تەندروستی دەکات، بە پێچەوانەی زۆرێک لە شەربەتی
میوە شیرینکراوەکان، شەربەتی هەناری تازە شیرینی سروشتی و سوودی بەهێزی تەندروستی
پێشکەش دەکات.
یەکێک لە سوودە هەرە دیارەکانی شەربەتەکە بریتییە
لە ڕێژەی پۆلیفینۆل بەتایبەتی پونیکالاجین کە دژە ئۆکسێنەرێکی بەهێزن و یارمەتی کەمکردنەوەی
هەوکردن دەدەن و خانەکان دەپارێزن لە زیانەکان بەهۆی ڕادیکاڵە ئازادەکانەوە.
لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە شەربەتی هەنار
پەستانی خوێن دادەبەزێنێت و ئاستی کۆلیسترۆڵ باشتر دەکات و کۆبوونەوەی چەوری لە خوێنبەرەکاندا
کەم دەکاتەوە، بەم شێوەیەش تەندروستی دڵ دەپارێزێت.
جگە لەوەش شەربەتەکە بەرگری جەستە بەهێز دەکات بەهۆی
ڤیتامین سی و پێکهاتە خۆراکییەکانی دیکەیەوە، یارمەتی جەستە دەدەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی
نەخۆشی بەتایبەت لە کاتی وەرز گۆڕایندا، توێژینەوە نوێیەکان ئاماژە بە سوودە ئەگەرییەکان
دەکەن لە باشترکردنی بیرەوەری و کارکردنی مێشک بەهۆی تایبەتمەندی دژە هەوکردنییەوە.
شەربەتی هەنار
یارمەتی کرداری هەرسکردن دەدات لە ڕێگەی کەمکردنەوەی هەوکردنی ڕیخۆڵە
و بەرەوپێشبردنی هاوسەنگی بەکتریا بەسوودەکان لە ڕیخۆڵەدا.
بەڵام شارەزایانی بواری خۆراک هاوڕان لەسەر ئەوەی
پێویستە شەربەتی
هەنار بە ڕێژەیەکی مامناوەند بخورێت، چونکە شەربەتەکە
شەکری سروشتی تێدایە کە ڕەنگە کاریگەری نەرێنی لەسەر ئاستی شەکری خوێن هەبێت بەتایبەتی
تووشبووانی شەکرە هەروەها لەوانەیە کاریگەری خراپی لەسەر هەندێک دەرمان هەبێت، وەک
دەرمانی پەستانی خوێن و کۆلیسترۆڵ،جگە لەوەش ڕەنگە هەندێک کەس لە کاتی خواردنی بڕێکی
زۆردا تووشی کاردانەوەی هەستیاری یان تێکچوونی کۆئەندامی هەرس ببن، شارەزایان
پێشنیاری خواردنی ١٢٠ بۆ ٢٤٠ مل لە ڕۆژێکدا دەکەن وەک ڕێژەیەکی تەندروست و کاریگەر.