لە هاویندا زۆربەمان بەهۆی بەرزی پلەی گەرماوە
ئارەزووی خواردنەوەی ئاوی سارد دەکەین، لەم بارەیەوە پسپۆڕێکی خۆراک روونکردنەوە دەدات.
بەپێی ماڵپەڕی "Times of India"
خواردنەوەی ئاو زۆر گرنگە بۆ ئەوەی هەموو سیستەمەکانی جەستە بە شێوەیەکی کارا
کاربکەن، یارمەتی گواستنەوەی ماددە خۆراکیەکان و ئۆکسجین دەدات بۆ خانەکان، هەرسکردن
ئاسان دەکات و پەستانی خوێن ڕێکدەخات و ئازاری جومگەکان کەم دەکاتەوە و ئەندامەکان
دەپارێزێت و پلەی گەرمی جەستە ڕێکدەخات و هاوسەنگی سۆدیۆم دەپارێزێت.
وەرگرتنی ئاو پەیوەستە بە چەند هۆکارێکەوە، وەک
بڕی ئەو شلەمەنیانەی کە لە خواردنەوەکانی دیکەوە دەیخۆیت، سەرچاوەی خۆراکەکەت،
ئاستی چالاکیی جەستەیی، پلەی گەرمی، دەرمانەکان و هەندێک حاڵەتی تەندروستی بنەڕەتی،
بەگشتی ئامۆژگاری کەسانی تەندروست دەکرێت کە ڕۆژانە ٦ بۆ ٨ پەرداخ ئاو بخۆنەوە، گرنگە
لەوە تێبگەین کە هیچ ڕێگەیەکی یەک قەبارە بۆ هەمووان نییە بۆ وەرگرتنی ئاو، چونکە
دەتوانێت لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە جیاواز بێت.
ئەمیتا گادرێ پسپۆڕی خۆراک دەڵێت " خواردنەوەی
ئاوی سارد نابێتە هۆی زیادبوونی کێش، بەو پێیەی ئاو لە بنەڕەتدا بێ کالۆرییە، هەروەها
پلەی گەرمیەکەی کاریگەری لەسەر جەستەت نییە هەروەها خواردنەوەی ئاوی گەرم یارمەتیدەر
نییە بۆ دابەزاندنی کێش و پشتڕاستیکردەوە کە پلەی گەرمی ئاو کاریگەری لەسەر کێش نییە"
ئەو پسپۆرە جەختی لەسەر گرنگی خواردنەوەی بڕی پێویست
ئاو کردەوە و ڕوونیکردەوە "خواردنەوەی ئاو زۆر گرنگە، ئەگەر کەمتر بخۆیتەوە،
هەست بە وشکبوونەوە دەکەیت، ئەمەش دەبێتە هۆی دەرکەوتنی نیشانەکانی وەک ماندوێتی و
دابەزینی میتابۆلیزم".