گوڵەبەیبوون گیایەکی بەناوبانگە بۆ باشترکردنی خەو و دابەزاندنی پەستانی خوێن

PM:08:39:08/09/2025

7652 جار خوێندراوەتەوە

رۆژانە خواردنەوەی پەرداخێک چای گوڵەبەیبوون چەندین گۆرانکاریی گرنگ بەسەر جەستە دەهێنێت، وەک باشترکردنی خەو و بەهێزکردنی بەرگریی جەستە.

لە ماڵپەڕی " eremnews" بڵاوکراوەتەوە، پسپۆران ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەگەر کێشەی خەوتنت هەیە ئەوا ڕەنگە چای گوڵەبەیبوون بژاردەیەکی سروشتی بێت بۆ ئەوەی یارمەتیت بدات ئارام بیتەوە و بە باشی بخەویت.

گوڵەبەیبوون هەر لە کۆنەوە لەلایەن میسرییەکانەوە بەکارهاتووە و بە "گوڵی پیرۆزی خۆر" ناسراوە، هەروەها لە یۆنان و ڕۆما وەک پێکهاتەیەکی چێشتلێنان و گیایەکی دەرمانی بەکاردەهێنراوە.

توێژینەوە نوێیەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە گوڵەبەیبوون ئەپیجینینی تێدایە کە پێکهاتەیەک بە وەرگرە تایبەتەکانی مێشکەوە دەبەسترێتەوە بۆ کەمکردنەوەی چالاکییەکانی کۆئەندامی دەمار، دڵەڕاوکێ کەمدەکاتەوە و وا دەکات کەسەکە بە ئارامی بخەوێت.

بێس سیرۆنی پسپۆڕی خۆراک ڕوونیکردەوە " گوڵەبەیبوون وەکو هێورکەرەوەیەک کاردەکات، یارمەتیدەرە بۆ خەوتن".

سوودەکانی گوڵەبەیبوون تەنها لە خەوتندا سنوردار نین بەڵکو زۆر به‌ سووده‌ بۆ سکچوون و ڕشانه‌وه‌ و دڵتێکەڵهاتن و کێشه‌کانی تری کۆئه‌ندامی هه‌رس له‌ مناڵ و گه‌وره‌دا، یارمه‌تی دابه‌زاندنی ئاستی شه‌کره‌ی خوێن له‌ نه‌خۆشی شه‌کره‌ و ڕێگه‌گرتن له‌ تووشبوون لێی دەکات هەروەها خۆپاراستن له‌ نه‌خۆشییه‌کانی دڵ و هه‌ندێک جۆری شێرپه‌نجه‌ و هه‌وکردنی جومگه‌کان لەگەڵ ئەوەشدا زۆر به‌سووده‌ بۆ که‌مکردنه‌وه‌ ئازاری سووڕی مانگانه‌.

گوڵەبەیبوون ڕێژەیەکی بەرزی پۆتاسیۆمی تێدایە کە پاڵپشتی کۆئەندامی دەمار دەکات، دەوڵەمەندە بە کالیسیۆم کە ئێسک و ددانەکان بەهێز دەکات و گرژبوونی ماسولکەکان کەمدەکاتەوە و یارمەتیدەرە لە رێگریکردن لە مەینبوونی خوێن، هەندێک لە توێژینەوەکان دەریانخستووە کە گوڵەبەیبوون یارمەتی دابەزاندنی پەستانی خوێن دەدات.

بەڵام خانمانی دووگیان پێویستە خۆیان لە گوڵەبەیبوون بەدوور بگرن چونکە لەوانەیە ببێتە هۆی منداڵبوونی پێشوەختە هەروەها پێویستە بە وریایی بەکاربهێنرێت لەلایەن ئەو کەسانەی کە هەستیارییان هەیە.