ئوسترالیا: یەکەم نەشتەرگەرییان بە یارمەتی دوو ڕۆبۆت ئەنجامدا

AM:11:58:31/08/2025

752 جار خوێندراوەتەوە

پزیشکانی ئوسترالیا یەکەم نەشتەرگەرییان لە جیهاندا بە بەکارهێنانی دوو سیستەمی ڕۆبۆتی پێشکەوتوو لە یەک کاتدا ئەنجامدا.

پزیشکانی نەخۆشخانەی سانت ڤینسێنت لە سیدنی توانیان وەرەمێک لە قوڕگی نەخۆشێکی تەمەن ٢٧ ساڵان دەربهێنن و لە هەمان کاتدا توانای قسەکردن و قووتدانی بپارێزن.

بە شێوەیەکی ئاسایی، نەخۆشەکان لەم جۆرە حاڵەتانەدا مەترسی لابردنی تەواوی قوڕگیان هەیە، کە لە ئەنجامدا دەنگیان بۆ هەمیشە لەدەستدەدەن بەڵام بەهۆی بەکارهێنانی دوو ڕۆبۆتی نەشتەرگەرییەوە، پزیشکان توانیان خۆیان لەم دەرئەنجامە توندە بەدوور بگرن.

ڕۆبۆتی داڤینچی کە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە سەرانسەری جیهاندا بۆ نەشتەرگەری بەکاردەهێنرێت، سەرەتا دەستی بە نەشتەرگەرییەکە کرد، بە سەرپەرشتی پرۆفیسۆر بن دیکسۆن، ڕۆبۆتەکە وەرەمەکەی لابرد و کەمترین زیان بە زمان و چەناگە و قوڕگی نەخۆشەکە گەیشتوە.

ڕاستەوخۆ دوای ئەوە، پزیشکی نەشتەرگەری جوانکاری ئێد مۆریسۆن سیستەمی ڕۆبۆتی دووەمی بەکارهێنا کە ڕۆبۆتی سیمانی بوو، ئەم ئامێرە بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری زۆر ورد دروستکراوە.

تێکەڵکردنی تواناکانی ئەو دوو ڕۆبۆتە ڕێگەی بە لابردنی وەرەمێکی تەواو دا لە هەمان کاتدا پاراستنی کارەکانی وەک قسەکردن و قووتدان، لە نەشتەرگەرییەکەدا دەرکەوت کە چۆن سیستەمی ڕۆبۆتی جیاواز دەتوانن پێکەوە کاربکەن بۆ ئەنجامدانی ئەرکە قورسەکان و یارمەتیدانی پزیشکەکان.