ژاپۆن دەیەوێت بەکارهێنانی مۆبایل بۆ دوو کاتژمێر لە ڕۆژێکدا سنووردار بکات

PM:03:39:28/08/2025

876 جار خوێندراوەتەوە

دەسەڵاتدارانی شاری تۆیۆئاکێ لە ژاپۆن رێنمایی دانیشتوانەکەی دەکات کە بەکارهێنانی مۆبایل بۆ دوو کاتژمێر لە ڕۆژێکدا سنووردار بکەن، ئەم هەنگاوەش بووە جێگەی سەرنجی بەشێکی زۆری وڵاتان.

بەپێی ڕۆژنامەی "Mainichi Shimbun" دەسەڵاتدارانی شارەکە داوای لە دانیشتووانەکەی کردووە کە بەکارهێنانی مۆبایلە زیرەکەکان بۆ دوو کاتژمێر لە ڕۆژێکدا سنووردار بکەن، ئەم ڕێوشوێنە بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانییە تەندروستییەکان و کەمبوونەوەی ئالوودەبوونە، بەڵام کاردانەوەی جیاوازی لەلایەن خەڵکەوە بەدوای خۆیدا هێناوە.

جێگەی باسە ڕێوشوێنەکە ڕێنماییە نەک سنووردارکردنی یاسایی و هیچ سزایەک بۆ ئەو کەسانە نییە کە سنووری پێشنیارکراوی ڕۆژانە تێدەپەڕێنن.

ماسافومی کۆکی سەرۆکی شارەوانی ڕوونیکردەوە کە پێشنیارەکە بۆ چارەسەرکردنی کێشە نەرێنییەکانی تەندروستی دەروونی و جەستەییە کە پەیوەندییان بە زیادەڕۆیی کردنی مۆبایلەوە هەیە لەنێویاندا کێشەکانی خەو هەروەها بەرپرسان ئاماژەیان بە نیگەرانییەکان کردووە سەبارەت بە لەدەستدانی خەوی گەورەکان و کاتەکانی خێزان.

پێشنیارەکە مشتومڕێکی بەرچاوی لێکەوتووەتەوە لە ماوەی ڕاوێژکارییەکەدا نزیکەی ٨٠%ی دانیشتووانەکەی کە پەیوەندییان بە بەرپرسانی شارەکەوە کردووە، ڕەخنەیان لەو ڕێوشوێنە گرتووە بەڵام لایەنگرانیشی هیوادارن ڕێنماییەکە سەرتاسەری شارەکە بگرێتەوە و یارمەتیدەر بێت لە چارەسەرکردنی پرسی ئالوودەبوون بە مۆبایلە زیرەکەکان.