ئاهەنگێکی هاوسەرگیری لە بەرزترین لوتکەی شاخێکدا بەڕێوەچوو

PM:04:59:25/08/2025

1656 جار خوێندراوەتەوە

 

ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکلەسەر چیای ئەلبروس بەڕێوەچوو کە بەرزترین لوتکەی شاخەکانی ئەوروپایە، ئەنتۆن گەنجێکی ڕووسییە هاوسەرگیری لەگەڵ کچە هاوڕێکەی کریستینا کردوو.

بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی هاوینەهەواری ئەلبروس لە هەرێمی قەفقاز لە ڕووسیا، هاوسەرگیرییەکە بە فەرمی لە بەرزی ٥٠٨٠ مەتر لە ئاستی دەریاوە تۆمارکراوە، لە مەراسیمێکی ڕێزلێناندا بە سەرۆکایەتی لوبۆڤ ئەخمێدۆڤا، سەرۆکی فەرمانگەی تۆماری شارستانی هەرێمی ئەلبروس.

سەرەڕای بارودۆخی سەختی کەشوهەوای لوتکەکە کە بەفر دەباری و بایەکی بەهێزی هەبوو بەڵام بووک و زاوا بە زەردەخەنە و دڵخۆشییەکی زۆرەوە ئاهەنگەکەیان ئەنجامدا و بەشێکی زۆری خەڵکی ئاماژەیان بەوە دەکرد کە ئەمە سەلماندی کە خۆشەویستی لە هەموو بارودۆخێک بەهێزترە.

ئەم شوێنە تایبەتە بووە هێمای خۆشەویستی ئەو دوو گەنجە، ئەنتۆن و کریستینا بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠٢٠ سەردانی چیاکەیان کردووە، سەرسام بوون بە سروشتی شاخەکە و جوانییە ئەفسانەییەکەی ئەمەش وایکرد بە شوێنێکی گونجاوی دابنیێن بۆ هەنگاوێکی گەورەی ژیانیان.

جێگەی باسە ئەم ڕووداوە ناوازەیە لە میدیاکانی ڕووسیادا سەرنجێکی بەرفراوانی بەدەستهێناوە، وەک هێمای بوێری و خۆشەویستی و پەیوەندییەکی قووڵ لەگەڵ سروشتدا ناوبرا، ئەو دوو هاوسەرە جەختیان لەوە کردەوە کە سەرکەوتن بەسەر شاخەکەدا تەنها هەوڵێکی جەستەیی نییە بەڵکو گەشتێکی خۆشەویستی بووە کە چوونەتە بەرزترین لوتکە لە ئەوروپادا.